پارتی ڕژدە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار

دانیشتنی دووەمی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، تەنیا ٥ ڕۆژی ماوە و تا ئیستا گۆڕانکاریی لە هاوکێشەی سیاسی دوای هەڵبژاردن ڕووی نەداوە و گەورەترین هاوپەیمانییش لە نێوان پارتی و سەدرییەکان و سوننەکان ڕاگەیەندراوە کە بە تەواوی ئەجێندای پێکهێنانی حکوومەتی دیاری کردووە.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پۆستی سەرکۆمار پشکی کوردستانە و تاپۆی هیچ لایەنێک نییە. گوتەبێژی پارتی، ڕایگەیاندووە؛ تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌ كاندیدی هاوبه‌ش نه‌دراوه‌، پێویست بوو ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ر له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان یه‌كلایی كرابایه‌وه‌، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ براده‌رانی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوور بوون، كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار مافێكی ره‌های حزبه‌كه‌یانه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ ده‌توانین بڵێین: ئه‌وان ئاماده‌ییان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌بوو. دەشڵێت؛ پۆستی سەرۆك كۆمار تایبەت نییە بە لایەنێكی دیاریكراو، بەڵكو پۆستی كوردستانە و دەبێت لە كوردستان لەسەری رێكبكەوین و نوێنەرایەتی خەڵكی كوردسان بكات.
بە پێی زانیارییەکانی هەولێر، کە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە پێی ڕاگەیەندراوە، شاندی پارتی لە بەغدا سەرجەم لایەنەکانی بەسەر کردووەتەوە و هیچ لایەنێک لاری نەبووە لە کاندید کردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار. ئەندامێکی شاندی پارتیش لە بەغدا، ئەوەی ڕاگەیاندووە، گومان لە سەرکەوتنی زێباری نەماوە و زۆرینەی دەنگی بۆ پۆستی سەرکۆمار مسۆگەرە. ئەو ئەندامەی شاندی پارتی لە بەغدا، دەڵێت؛ ھاوپەیمانێتییەکی بەھێزمان ھەیە لەگەڵ ھەمووان و بەو ھاوپەیمانییە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دیاری کران، کە تا ئێستاش ھاوپەیمانییەکە بەردەوامە و ئێمەش لە دانوستان بەردەوام دەبین تا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت و سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت و ھۆشیار زێباری دەبێتە سەرۆککۆمار، چونکە متمانەی تەواومان ھەیە کە سەرکەوتنی زێباری ھیچ گومانی تێدا نییە و بە ھیچ شێوەیەکیش کاندیدی خۆمان ناکشێنینەوە”.
دەشڵێت؛ لە دانوستان و پەیوەندییەکان بەردەوامین و ھاوپەیمانیی ئێمە لەگەڵ کوتلەکانی سەدر و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر زۆر بەھێزە و، دەمانەوێت کێشەی شیعەش چارەسەر بێت، دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانیش بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئەوان، زۆر لە شوێنی خۆیدا بوو، کە سەرۆکی ھەرێم سەردانی سەدری کرد، ئەوەش گرنگ بوو بۆ پرۆسەی سیاسی و ھیوادارین ھەمووان بەشداری لە حکوومەتدا بکەن”.
لای خۆیشیەوە، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی شاندی پارتی کردووە و ڕایدەگەیەنێت؛ ھەوڵەکانی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەردەوامە و شاندی پارتی لە بەغدا تەواوی ھەوڵەکانی خستووەتە گەڕ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی حکوومەتێک ئەم جارە دروست ببێت بەپێی خواستی ھاووڵاتییانی عێراقی بێت، تا ئێستاش دانوستانەکان ئەنجامی باشیان ھەیە.”
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، ئەوەشی گوتوە؛ بەشێک لە ھەوڵەکان بە ئاراستەی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگە بۆ سەرخستنی ھۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بە ھێزەوە دەچینە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار.”
ئەگەرچی لە دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابروود، وێڕای ئەوەی پارتی سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا، بەڵام ویستی هاوپەیمانی و یەکدەنگی کوردی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ یەکێتی چەندین کۆبوونەوەی کرد و بڕیاریش وابوو ئەو دوو حزبە پێکەوە بچنە نێو هەر هاوپەیمانییەک، وە شاندی هاوبەشیان لە بەغدا پێکهێنا، بەڵام دواتر ئەندامی یەکێتی لە شاندەکە بێ هیچ پاساوێک کشایەوە و، لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانیشدا فراکسیۆنی یەکێتی دانیشتنی پەرلەمانی جێهێشت و دەنگی بە کاندیدی پارتی نەدا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە دواجار کاندیدەکەی پارتی سەرکەوت، ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی پارتی پێداگریی لە وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار بکات و لە ئیستاشدا نزیکە لە وەرگرتنی ئەو پۆستە.

ھەواڵی زیاتر