عەبدولخالق تەڵعەت: پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کاریگەریی لەسەر لیوا هاوبەشەکان هەبووە

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەڕاسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پرسی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش کۆتاییی ھاتووە و پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت ھەندێک دوای خستووە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەڕاسیۆنە ھاوبەشەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پرسی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا کۆتاییی ھاتووە، بەڵام ھەندێ کێشەی ھونەری ھەیە و، لەوانەیە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش کاریگەریی کردبێتە سەر پڕۆسەی دەستبەکاربوونی دوو لیوا ھاوبەشەکە، چونکە پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش کارێکی ئاسان نییە.”
نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەڕاسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق ڕوونی کردەوە: “ھەندێ پڕۆسە ھەیە کە کاتی پێویستە، چونکە مووچەی ئەو دوو لیوایەش دەخرێتە سەر حکوومەتی فیدڕاڵ، لەگەل ئەوەشدا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستبەکار دەبن.”
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دەشڵێت: “پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش کاریگەریی لەسەر جووڵەی داعش و پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانە دەبێت، بەتایبەتی کە ئێستا ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاڵۆزە و داعش ماوەیەکە دەستی بە جووڵە و ھێرشی زیاتر کردووە.”

ھەواڵی زیاتر