ڤیان دەخیل: بە ھێزەوە دەچینە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، دەنگی پێویست بۆ کاندیدی پارتی ھەیە و دەڵێت، دانوستانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی پارتی لە بەغدا ئەنجامی باشی ھەبووە و بە ھێزەوە دەچینە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی عێراق.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ھەوڵەکانی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەردەوامە و شاندی پارتی لە بەغدا تەواوی ھەوڵەکانی خستووەتە گەڕ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی حکوومەتێک ئەم جارە دروست ببێت بەپێی خواستی ھاووڵاتییانی عێراقی بێت، تا ئێستاش دانوستانەکان ئەنجامی باشیان ھەیە.”

لەبارەی کاندیدی پارتییشەوە گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتی: “بێگومان بەشێک لە ھەوڵەکان بە ئاراستەی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگە بۆ سەرخستنی ھۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بە ھێزەوە دەچینە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار.”

ڤیان دەخیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “زۆرن ئەو پەرلەمانتار و لایەنانەی ڕۆژی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەنگ بە کاندیدی پارتی دەدەن، جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە جگە لەو لایەنانەی پارتی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی لەگەڵیان ھەیە، خەڵکی دیکەش ھەن دەنگ بە کاندیدی پارتی دەدەن.”

ھەواڵی زیاتر