کۆشکی سەلام دەبێتە سەنگێکی مەحەک بۆ پارێزگاریکردن لە دەستوور

ڕائیب جادر – هه‌ولێر

بڕیارەی 7ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکۆماری عێراق هەڵبژێرێت. کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرکۆمار بەردەوامە. بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، هۆشیار زێباری هەیبەت و قۆرسایی بۆ کۆشکی سەلام دەگەڕێنێتەوە و دەبێتە سەنگی مەحکەم بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی کورد و پاراستنی دەستوور. دەشڵێن، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئارامی هەرێمی کوردستان تێک بدات.

هۆشیار زێباری، بەربژێری پۆستی سەرکۆمار ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکانی تێپەڕاند و دەچێتە کێبڕکێی پۆستی سەرکۆمار لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کە چانسی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەکە لە هەموو بەربژێرەکانی دیکە زیاترە.
د. مەحموود حامد، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، بۆ هەولێر ڕوونی کردەوە: “هۆشیار زێباری خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووی دەوڵەتداری ناو عێراقە، بەوپێیەی ناوبراو لە ڕابردوو وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی بووە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، کەسێکی دیپلۆماسی سەرکەوتوو بووە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ کورد، هەروەها لە شەقامی عەرەبی کەسێکی قەبوڵکراوە، بەمەش کۆدەنگیێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە.
هۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ هەولێر دەڵێت: “پۆستی سەرکۆمار، پشکی کوردە، نەک حزب و لایەنێکی سیاسی، ئەگەر بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنیش بێت ئەو پۆستە مافی پارتییە، چونکە حزبی یەکەمی هەرێمی کوردستانە، بۆیە نابێت هیچ هێزێک ئەو پۆستە بە مافی خۆی بزانێت، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆ و بە ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت، بۆیە بەبێ پارتی هیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە سەرکۆماری داهاتووی عێراق.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: “لە چوار خولی ڕابردوو ئەو پۆستە لای ئەوان بووە چی بۆ کورد کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە سەرکۆمار پارێزەری دەستوورە، بە دەیان ماددەی دەستووری بەرامبەر بە کورد پێشێل کراون سەرکۆمار لە کوێ بووە، بۆیە پێویستە ئەمجارە پۆستی سەرکۆمار لای پارتی بێت تا هەیبەت و قۆرسایی بۆ کۆشکی سەلام و دەستوور بگەڕێنێتەوە و بە ڕاستەقینە پارێزەری دەستوور بێت، بۆ ئەوەی چی دیکە مافەکانی کورد پێشێل نەکرێن.
هۆزان خورشید، ئاشکراشی کرد:” ئەو زمانە زبرەی هەندێک کەس و لایەن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن، تەنیا فشارە و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئارامی هەرێمی کوردستان تێک بدات.
محەمەد ڕەشاد، ڕۆژنامەنووس، بە ” هەولێر”ـی گوت: “مامەڵەی هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی بەو شێوەیە دروست نییە و زەرەرمەندی یەکەم ئەوان دەبن، چونکە دەزانن ئەگەر بچنە کێبڕکێی هەڵبژاردن کاندیدی ئەوان دەنگی پێویست ناهێنێت و هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی دەبێتە سەرکۆماری داهاتووی عێراق، بۆیە باشترە لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی کەسێکی شیاو بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن.
ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئاشکراشی کرد: “دەرفەتێکی باش بۆ خەڵکی کوردستان هاتۆتە پێشەوە، دەبێت حزبەکان بەیەک ئاراستەی سیاسی ڕوو لە بەغدا بکەن، نەک لەسەر پۆستێک کە بە دەیان ساڵە لای ئەوانەیەکڕیزی کورد تێک بدەن، پارتی کەسێکی شیاوی بۆ ئەم پۆستە دەست نیشان کردووە، دەتوانێت کۆشکی سەلام بکاتە سەنگەرێكی پتەو و پارێزگاری لە مافەکانی کورد بکات، لە خولەکانی پێشتر نەتوانراوە سوود وەربگیرێت لە پۆستی سەرکۆمار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەرێم، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەبێت و کورد سوودمەندی یەکەم دەبێت لە بوونی هۆشیار زێباری بە سەرکۆمار.
موسا ئیسماعیل، چاودێری سیاسی، بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند، ئەوەندە ساڵە لەبەر یەکڕیزیی کورد پارتی لەو پۆستە بێدەنگ بووە، ئەمجارە پارتییش ڕازی بێت ئەو پۆستە لەلایەن کەسێکی دیکەوە بەڕێوە ببڕێت کە لە دەرەوەی پارتی بێت، دەنگدەرانی ئەو حزبە ڕازی نابن، چونکە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن مافی پارتییە، بۆیە ئەمجارە پارتی بەهێزەوە هاتۆتە مەیدان و کاندیدێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەو پۆستە، جگە لەوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ سوننە و سەدرییەکان هەیە، بۆیە هیچ گومانی تێدا نییە کاندیدی پارتی سەر دەکەوێت و دەبێتە سەرکۆماری داهاتووی عێراق”.

ھەواڵی زیاتر