کوردانی ڕۆژئاوا بە لێشاو ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

کردەوە خراپەکانی پەکەکە، ڕۆوشی ڕۆژئاوای کوردستانی بە تەواوی خراپ کردووە و هۆکارە بۆ ئەوەی خەڵکی رۆژئاوا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و جارێکی دیکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببن، لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 500 پەنابەری روژئاوا گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە کەمپی بەردەڕەش نیشتەجێ کراون.

بە گوتەی بەرپرسانی رۆژئاوا، رۆژبەرۆژ ڕەوشی رۆژئاوا تێک دەچێت و شارە کوردییەکان بەرەو چۆڵبوونەوە دەچن. ئەوەش پەکەکە لێی بەرپرسیارە، لەگەڵ ئەوەی زیندانەکانی پەیەدە هەموو پڕ بوونە لە ئەندام و سەرکردەکانی حزبەکانی رۆژئاوا.
لە 15ی مانگی رابردووەوە بەهۆی گردبوونەوەی لایەنگرانی پەکەکە لە رۆژئاوا لە سنووری پێشابوور و ئاڵۆزییەکانی ئەو کاتەوە، دەروازە سنوورییەکە داخراوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 1500 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان بە قاچاخ دەربازی هەرێمی کوردستان بوونە.
لە رۆژی 29/12/2021 هاتنی لێشاوی پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، تا ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە 1534 پەنابەر، سەرجەمیان بۆ کەمپی بەردەڕەش گوازراونەتەوە، کەمپی بەردەڕەش دەکەوێتە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2014 کراوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە 4500 پەنابەری لەخۆ گرتووە، لە ساڵی 2004ەوە پێنجەمجارە خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە وەکو پەنابەر روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج کەمپیان هەیە.
عوسمان چەتۆ، هاووڵاتییەکی رۆژئاوای کوردستانە، بۆ هەولێر دەڵێ، بە قاچاخی هاتووینەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە هەر یەکەمان نزیکەی 200 دۆلارمان داوە، هۆکاری هاتنی ئێمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە رۆژئاوا ژیان سەخت بووە، چەکدارانی پەکەکە کێشەمان بۆ دروست دەکەن و منداڵان دەڕفێنن و دەیکەنە چەکداری خۆیان.
رەوشی کوردان ئێستا لە رۆژئاوا لە مەترسییەکی گەورەدایە، پەیەدە گوێ بە حزب و لایەنەکانی دیکەی رۆژئاوا نادات و ئەو شتەی لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نییە ئەوان ئەوە دەکەن و دژی گەلی خۆ لە رۆژئاوا دەوەستنەوە. شارە کوردییەکان چۆڵ بوونە لە کورد و بە عەرەب کردن لە شارە کوردییەکان زۆر پەرەی سەندووە. نوری بریمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای ڕۆژئاوا، بۆ هەولێر گوتی:” کێشەی رۆژئاوا و سووریا درێژەی کێشا و رەوشی رۆژئاوا رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت، خەڵک تەحەمولی نەما، لە رۆژئاوا خەڵک برسییە، نان نیە بخۆن، نرخی کەلوپەل گران بووە، ئەمە لە کاتێکدایە خێر و بێری رۆژئاوا زۆرە، بەڵام هەمووی بۆ شام و شوێنەکانی دیکە دەچێت، ئەگەر سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا بە کراوەی بمێننەوە، یەک کەس لە رۆژئاوا نامێنێت هەموو ئاوارە و دەربەدەر دەبن، ئەوەش هەموو پەکەکە لێی بەرپرسیارە.
بریمۆ، دەشڵێ:” پەکەکە خەڵک دەرفێنێت، منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵی لە رۆژئاوا بە زۆر دەبەنە سەربازی، کە ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانە بۆ چۆڵبوونی رۆژئاوا، پرۆژەی خزمەتگوزاری نییە، پەکەکە رۆژئاوای بە تەواوەتی تێکداوە، شتێک نەماوە بەناوی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی نەماون، هەروەها گوندەکانی ئەو ناوچانە بە تەواوەتی چۆڵ بوونە، هەموو رادەستی وڵاتانی تر کراوە، کوردی رۆژئاوای هەموو بە کوشتن دراوە، بۆیە ئەگەر وا بڕوات شتێک نامێنێت بەناوی رۆژئاوا”.

ھەواڵی زیاتر