هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا:ئه‌زموونی هه‌ولێر دەتوانێت ڕۆڵی چارەسەر ببینێت لە عێراقدا و، پێویستە بگوازرێتەوە سووریاش

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە پرسی کورد لە عێراق و سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دوا و، ڕایگەیاند؛

پرسی کورد، پرسێكی هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌ و به‌ درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ مێژووییانه‌ی دوایی، گرنگی خۆیان سه‌لماندووه‌ و ئێمه‌ش پابه‌ندین به‌ به‌ره‌وپێشبردن و باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق و به‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی دایده‌نێین و كۆمپانیاكانیشمان له‌و وڵاته‌ كار ده‌كه‌ن، ئێمه‌ پشتگیری له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت هاوكارانمان له‌و وڵاته‌ له‌ ئاسایش و‌ ئاشته‌واییدا بژین، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانی و بواری ته‌كنیكی و سیاسیدایه‌”.
لاڤرۆڤ، سەبارەت بە دۆخی سووریا، جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئەزموونی هەولێر لە عێراق بۆ سووریا بگوازرێتەوە و گوتی؛ ئه‌زموونی هه‌ولێر له‌ عێراق رۆڵی له‌ چاره‌سه‌ریدا ده‌بێت، به‌ر له‌ دوو ساڵ سه‌ردانی هه‌ولێر و به‌غدام كرد، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی عێراق و سووریا له‌ په‌یوه‌ندیدا بووم، من له‌و باوه‌ڕه‌دام پێویسته‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سووریا”.
گوتیشی؛ من له‌و باوه‌ڕه‌دام پێویسته‌ به‌رپرسانی كورد دیدگایه‌كی دوورمه‌ودایان هه‌بێت. جێگه‌ی داخێكی زۆره‌ كه‌ له‌م دواییانه‌ ئه‌مه‌ریكا گرنگیی ئه‌وانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات كه‌مكردوه‌ته‌وه‌. له‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كورد به‌رده‌وامین و هه‌وڵ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌ده‌ین له‌باره‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌ی ده‌بنه‌ بنه‌مای ژیان بۆ كوردانی سووریا.