شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئاسایشی هەولێر ئه‌و بانده‌ی دەستگیرکرد کە به‌ ناوی هه‌لی كار‌ 8 ئۆتۆمبێلیان دزیبوو


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئه‌و بانده‌یان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ له‌ دوو رۆژی رابردوودا به‌ناوی هه‌لی كار 8 ئۆتۆمبێلی گرانبه‌های هاووڵاتیانیان دزیبوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێردا هاتووه‌: باندێكی دزیكردن به‌ناوی هه‌لی كار فێڵیان له‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كردووه‌ و ئۆتۆمبێله‌كانیان دزیون، دوای به‌دواداچوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان، به‌ هاوكاری پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌مشه‌و ئه‌و بانده‌ ده‌ستگیركران.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، بانده‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و دوای ئه‌وه‌ش ده‌درێنه‌ دادگا و سزای یاسایی خۆیان وه‌رده‌گرن.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا به‌دواداچوون بۆ دزینی ئه‌و 8 ئۆتۆمبێله‌كرا، كه‌ كۆمپانیایه‌ك به‌ ناوی هه‌لی كاره‌وه، فێڵی له‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كردووه‌، هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی هه‌ولێر به‌په‌له‌ به‌ده‌نگ داواكاری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ هاتن و بانده‌كه‌ ده‌ستگیركران.