لە بەغدا ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی پارتی دەدەن

لە بەغدا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدرێت لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە.

مەهدی عەبدولکەریم فەیلی ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ هەینی تایبەت بە ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: کاتژمێر 08:30ـی شەوی ڕابردوو کاتێک لە شەقامی جەیش لە بەغدا دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW) تەقەیان لێ کردم، بەڵام سوپاس بۆ خودا ڕزگارم بوو.

هەروەها گوتی: ئێمە لەو شارەدا ژیانمان لە مەترسیدایە و هیچ جۆرە ئاسایشێک بەرقەرار نەکراوە.

هاوکات بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە بۆمبێک فڕێدرایە نێو حەوشەی بارەگای لقی پێنج و ماڵپه‌ڕی (التاخی) پارتی دیموکراتی کوردستان.

هەر شەوی ڕابردوو بە دوو مووشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە ئەنجامدا منداڵێک و ئافرەتێک برینداربوون، هەروەها لە هەمان شەودا هێرشکرایە سەر بارەگای هاوپەیمانی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات.

جێی باسە هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دێت.  

ھەواڵی زیاتر