وه‌زیرى په‌روه‌رده چەند قوتابخانەیەکی زیان لێکەوتوو لە هەولێر بەسەر دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ پێنج شەممە رێكه‌وتی 13ی1ی2022، “ئالان حەمەسەعید ساڵح”وەزیرى پەروەردەى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بەیاوەری به‌رێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر، سەردانى چەند قوتابخانەیه‌كى ناو شارى هەولێرى کرد.
لەسەردانەکەی دا وەزیری پەروەردە ئەو قوتابخانانەی بەسەرکردەوە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی باران بارینی زۆرەوە لە شاری هەولێر زەرەرمەندبوون، دواتر گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستاکان کرد.
لەکۆتاییدا هیوای سەلامەتی بۆ گشت مامۆستایان و قوتابییان خواست.
هه‌ر ئه‌مڕۆ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه: بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی كانوونی دووه‌می 2022 ناو شاری هه‌ولێری گرتووه‌ته‌وه، بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان بڕیاریاندا تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ دوابخرێت بۆ ڕۆژی شەممە 15ی كانوونی دووه‌می 2022.
هه‌روه‌ها له راگه‌یاندراوێكیشدا، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین بڵاویكرده‌وه، كه به‌هۆی دروست بوونی لافا و له‌شه‌قام و شوێنه‌كانی هه‌ولێردا، ده‌وامی زانكۆ ڕاگیرا.