چەواشە کارییەکانی پەکەکە پاش داخرانی دەروازەی سنووریی سێمالکا

مەمەت مێردینی

لە ماوەی ڕابردوودا پەکەکە بە ناوی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە کە لقێکی سەر بە پەکەکەیە و راستەوخۆ بڕیار لە قەندیل وەردەگرێت، پەلاماری دەروازەی سنووری سێمالکای دا. لاوانی پەکەکە بە دار، بەرد، چەقۆ و کۆلتۆفمۆلۆۆف، پەلاماری هێزەکانی پاسەوانی دەروازەکەیان دا و لە ئەنجامی ئەو هێرشەی پەکەکەدا لانیکەم 5 پاسەوانی دەروازەکە بریندار بوون. پاش رووداوەکە، پەکەکە لە میدیاکانی خۆیدا دەستی بە بڵاو کردنەوەی درۆ و چەواشە کردنی راستیەکان کرد و رایگەیاند “هێزەکانی پارتی هێرشیان کردۆتە سەر لاوەکان”! دیارە گرتە ڤیدیۆییەکانی ساتی پەلامارەکە کە بەشێکیان میدیاکانی پەکەکە بۆخۆیان بڵاویان کردۆتەوە، بەس بوون بۆ ئەوەی کە هەر زوو چەواشەکارییەکانی پەکەکە ئاشکرا ببن.

پاش پەلامارەکەی “جوانێن شۆرەشگەر” کە 98٪یان عەرەب بوون و دەیانەویست بە زۆر و بەشێوەی نایاسایی بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ئەجێندا قێزەونەکانی پەکەکە جێبەجێ بکەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری بڕیاریدا کە دەروازەکە دابخرێت. بە داخستنی دەروازە سنووریەکە، رۆژئاوای کوردستان تووشی کۆمەڵێک گرفتی وەکوو کەمبوونی پێداویستی خواردن و خواردنەوە لە بازاڕەکاندا بوو. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی قورس و درێژخایەنیان هەیە و دەیانەویست بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بڕۆنە هەرێمی کوردستان، بە داخستنی دەروازەی سێمالکا ئیدی ناتوانن بڕۆن. ژمارەیەک لەو کەسانەی کە کار بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەن و بەردەوام لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستاندا لە هاتووچۆدان، بە داخستنی دەروازەکە نەیانتوانی بڕۆنەوە هەرێمی کوردستان. ئەو هاونیشتمانیانەی رۆژئاوا کە بۆ کاری بازرگانی رۆیشتبوونە ئەوێ و ئەوانەی کە دەیانەویست بەمەبەستی سەردانی خزم و کەس و کارەکەیان سەردانی هەرێم بکەن و ئەو کوردانەی رۆژئاوا کە دەیانەویست لە هەرێمەوە بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و هتد… تووشی گرفت بوون. ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بە توندی رەخنە لە پەکەکە و هەلوێستەکانی ئەو حیزبە بگرن و ئیدانەی بکەن.
بۆ یەکەمجار بوو کە خەڵکی رۆژئاوا بەوشێوەیە، بە وندی و بەربڵاوی رەخنە لە پەکەکە بگرن. لەسەرانسەری رۆژئاوای کوردستان دەنگی ناڕەزایەتی دژ بەو کارەی پەکەکە بەرز بۆتەوە و تەنانەت ژمارەیەک لە کادرەکانی پەکەکەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئەو هێرشەی پەکەکەیان ئیدانە کرد، چوونکە ئەوان بە باشی ئاگادار بوون کە بە پەلاماردانی دەروازەی سنووری سێمالکا و داخرانی دەروازەکە، بارودۆخی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان تێکدەچێت. بەتایبەی لەبواری دابین کردنی پێداویستیەکانی خواردن و خواردنەوە کە 70٪یان لە باشووری کوردستانەوە دەڕۆن بۆ رۆژئاوای کوردستان.

لەبەرانبەر ئەوەدا پەکەکە لە رۆژئاوا چیی کرد؟
پاش داخرانی دەروازەی سنووریی سێمالکا و پەرەسەندنی رەخنە و ناڕەزاییەکان دژ بە پەکەکە و ئیدانە کردنی هێرشی “جوانێن شۆرەشگەر” بۆ سەر پاسەوانەکانی دەروازە سنووریەکە، پەکەکە دەستی بە چەواشە کردنی راستیەکان کرد. پەکەکە لە سۆشیال میدیاکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەستی بە بڵاو کردنەوەی پروپاگەندە کرد و رایگەیاند “داخرانی دەروازەی سنووریی سێمالکا لەسەر بڕیاری تورکیا بووە”! پەکەکە بەوەشەوە رانەوەستا و لە رێگای لاوەکانیەوە لە سۆشیال میدیادا رایگەیاند کە گۆیا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی لەگەڵ “میت”ی تورکیادا، گرووپێک لە لاوانیان بەناوی “شعلە ـ النیران” پێکهێناوە و ئەو گرووپە لە بەرنامەیدایە کە پەلاماری بارەگاکانی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستاندا بدات، بارەگاکانی بسووێنێت و لەسەر دیوارەکان درووشمی پەکەکە بنووسن بۆ ئەوەی وا بێتە بەرچاو کە ئەوە کاری “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بەپەکەکە بووە. بە بڵاو کردنەوەی ئەم پروپاگەندانە، پەکەکە نیازەکانی خۆی ئاشکرا کرد.
پەکەکە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر خۆیی و بۆ جێبەجێ کردنی ئەجیندای دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، لەئەنجامدانی هیچ کردەوەیەک سڵ ناکاتەوە و لە راستای پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیدا ئامادەیە هەر کردەوەیەکی نائەخلاقی ئەنجام بدات. بۆ پەکەکە ئەوە گرنگ نیە کە کردارەکانی چەندە زیان بە گەلی کورد دەگەیەنن، پەکەکە بۆی گرنگ نیە کە دەروازە سنووریەکانی رۆژئاوا بە مانگ و بە ساڵ دابخرێن. لە راستیدا پەکەکە نایەوێت دەروازە سنووریەکانی رۆژئاوا بکرێنەوە و مەبەستیەتی داخرانی دەروازە سنووریەکان بکات بە بابەتێک بۆ ئەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هان بدات. پەکەکە لەلایەک دەیەوێ رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان بکاتە دوژمنی یەکتری و لەلایەکی دیکەشەوە مەبەستیەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان روو لە بەشار ئەسەد بکەن و ئەمەش بە دەرفەتێکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی ئامانجەکانی دەستەبەر بکات.
پەکەکە تەنها بەو پروپاگەندانەوە نەوەستاوە و کۆمەڵێک شتی دیکەی هەڵبەستووە کە مرۆڤ پێکەنینی پێیان دێت. ئەوانەی کە چەواشەکارییەکانی پەکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو دەکەنەوە سەرجەمیان لایەنگری پەکەکەن و ئەوەش دەریدەخات کە پەکەکە تا چ رادەیەک توانیویەتی لایەنگرەکانی خۆی هەڵبخەڵەتێنێت کەوا ئامادەن بڕوا بە پروپاگەندەی ئاوەها بکەن. جگە لە لایەنگرەکانی پەکەکە بڕوا ناکەم هیچکەسێکی دیکە بڕوا بەوانە بکات. کەسێک کە لانیکەمی عەقڵی هەبێت چۆن بڕوا بەوە دەکات وەک ئەوەی پەکەکە دەڵێت: “یەکێک لە دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدا کە دەیویست لە هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێتەوە لەلایەن پێشمەرگەکانەوە کرایە ئامانج و بە سەختی بریندار بوو”! پەکەکە نە ناو نە وێنە و نە هیچ زانیارییەکی دیکەی لەسەر ئەو کەسە بڵاو نەکردۆتەوە. ئایا ئەو کەسانەی کە ئەو قسانەی پەکەکە بڵاو دەکەنەوە، ئەگەر لانیکەمی عەقڵ و مێشکیان هەبێت، رێگا بەخۆیان دەدەن کە چەواشەیەکی ئاوەها گەورە بڵاو بکەنەوە؟ لە راستیدا هەرکەسێک تۆزقاڵێک عەقڵ و شعووری هەبێت قەد ئامادە نابێت بڕوا بە شتێکی لەو چەشنە بکات و بڵاوی بکاتەوە.
با واز لەوە بهێنین کە هێزی پێشمەرگە لە دەروازەی سنووری سێمالکا بوونیان نیە و ئەگەریش هەبن قەد ئامادە نابن کارێکی لەوشێوەیە ئەنجام بدەن، لە هەرێمی کوردستان بە سەدان دامەزراوەی میدیایی بوونیان هەیە و ئەگەر رووداوێکی لەو شێوەیە رووی دابایە، بە سەدان هەواڵ و راپۆرتیان لەسەر بڵاو دەکردەوە و لە دژی حکوومەتی هەرێم قیامەتیان بەرپا دەکرد. لایەنگرەکانی پەکەکە پێیان وایە کە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی رۆژئاوای کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە کە هیچ میدیایەکی ئازاد ناتوانێ تێیدا کار بکات. هەموو کەس دەزانێت کە ئەو هەواڵە چەواشەکارییەکی زەقە و لەسەر مێزی میدیاکارانی پەکەکە هەڵبەستراوە و تەنها بۆ ناشیرین کردنی پێشمەرگەکانی رۆژ دروست کراوە و فڕی بە راستیەوە نیە.
یەکێک لەو هەڵبستاوەکانی دیکە کە پەکەکە پاش داخرانی دەروازەی سنووریی سێمالکا بەردەوام لەناو لایەنگرەکانی خۆیدا بڵاوی دەکاتەوە ئەوەیە کە دەڵێت: “داخستنی دەروازەی سنووریی سێمالکا بە بڕیاری تورکیا بووە و ئامانجەکەشی لێدانە لە مەحبووبیەتی بەڕێوەبەریی خۆسەر”! جگە لەو لایەنگرانەی پەکەکە کە مێشکیان شۆراوەتەوە ئەوە هیچ کەسێکی دیکە کە تۆزقالێک عەقڵ و مەنتقی هەبێت، بڕوا بەوە ناکات. هەموو مرۆڤێکی عاقڵ و بەشعوور باش تێدەگات کە داخرانی دەروازەی سنووریی سێمالاکا بەهۆی کارە ئیستیفزازیەکانی پەکەکە و پەلاماری “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بەو حیزبەوە بووە و جگە لەوە هەر خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ هۆکارەکانی داخرانی سێمالکا بکرێ لە راستیەوە بەدوورە و واقعییەتی نیە.

ھەواڵی زیاتر