هەرێمی کوردستان لە گواستنەوەی بازرگانی و تڕانزێتدا ڕۆڵی زۆر زیاتری دەبێت

رۆڵی هەرێمی کوردستان لە گواستنەوەی وشکایی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاتر دەبێت و بڕیارە لە داهاتوودا رۆڵی ترانزێتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی تورکیا بۆ ئیماراتییەکگرتووی عەرەبی بگێڕێت. بەو هەنگاوە داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی زیاتر بووژانەوەی ئابووریی کوردستان و عێراق.

تورکیا و ئیماراتڕێككەوتنێكی سەرەتاییان كردووە، بۆ ئەوەی ئەلترناتیڤێک بۆ گواستنەوەی شتومەک لە تورکیاوە بۆ ئیمارات بدۆزرەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق هەڵبژێردراوە و وەک ئاشکرایە سەرجەم پێداویستییەکانی عێراقیش بە کاڵاکانی تورکیا هەر لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و لەمەودوا دەبێتە ترانزێتی بازرگانی بۆ ئیمارات و عێراق و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو.
بە پێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان تورکیا و ئیماراتدا کراوە و هێشتا لە قۆناغی لێکگەیشتندایە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت. شتومەک و بەرهەمەکانی تورکیا لە جیاتی ئەوەی بە وڵاتانی تردا بۆ ئیمارات بگوازرێتەوە، لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و پاشان لە رێی بەندەری بەسڕەوە بە کەشتی بۆ ئیمارات دەگوازرێتەوە.
گواستنەوەی شتومەکی تورکیا بۆ ئیمارات، لە رابردوودا لە رێی دەریای سوور و پاشان گەرووی بابولمەندەب و کەناڵی سوێزەوە بووە، بەڵام کاتێکی زۆر و خەرجییەکی زیاتری ویستووە تا ئەو بارانە بۆ شوێنی مەبەست بگوازرێنەوە.
دۆیچەوێلەی ئەڵمانی باسی لەوە کردووە کە بۆ هەر بارێک کە لە رێی ئاوییەوە لە تورکیاوە دەگاتە ئیمارات ٢٠ تا ٢٨ رۆژ دەخایەنێت بەڵام بە گۆڕینی رێگای بازرگانی بۆ عێراق، ئەوا کاتی گەیشتنی کاڵاکان بۆ هەشت تا ١٠ رۆژ دادەبەزێت.
یەکێک لەو وڵاتانەی لە هەوڵدابووە رێگای بازرگانی و ترانزێتی تورکیا بۆ ئیمارات لەوێوە تێپەڕێت، ئێران بووە. بەرێوەبەری گشتی نووسینگەی ترانزیتی گواستنەوەی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا ئاشکرای کرد دوو بارهەڵگر بە شێوەی تێست لە تورکیاوە باریان بۆ ئیمارات گواستووەتەوە بەڵام باسی لەوە نەکرد بۆ ئەو مەبەستە هیچ رێککەوتنێک کرابێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا مەولود چاوشئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد ئیمارات پێشنیاری ئەوەی بە تورکیا داوە تا بۆ ترانزێتی کاڵاکانی، سوود لە عێراق وەربگرێت. ئاژانسی ئاناتۆلی تورکیاش لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئەوەی گواستەوە تورکیا پێشوازی لە داواکارییەکەی ئیماراتییەکگرتووی عەرەبی کردووە و دانوستانەکان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەستیان پێ کردووە.
مەبەستی سەرەکیی ئیمارات لە هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ترانزێتی کاڵا، ئەوەیە رێگاکە کورتترە. مەودای نێوان بەندەری بەسرا بۆ تورکیا نزیکترە لە مەودای نێوان تورکیا و بەندەرەکانی ئێران، بەڵام رێگا ئاوییەکە لە باشووری عێراقەوە دوورترە لەچاو بەندەرەکانی ئێران، ئیمارات دەیەوێ رێگا وشکاییەکە کورتتر ببێتەوە.
لە لایەکی ترەوە تورکیا لە پلانیدایە بە راکێشانی هێڵی ئاسن بەسرا بە ئیستانبوڵ گرێ بدات. ئێرانیش زیاتر لە دوو دەیەیە لە هەوڵدایە لە رێی شەلەمچەوە تۆڕی رێگای ئاسنینی وڵاتەکەی بە بەسرا گرێ بدات بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
لە ساڵانی رابردوودا تورکیا و ئیمارات هەندێک ناکۆکییان هەبووە بەڵام خەریکە ئەو ناکۆکییانە تەواو دەبن و بڕیارە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا سەردانی ئیمارات بکات و، بەمەش بەستەڵەکی سیاسی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە تەواوی دەتوێتەوە و، پێشبینی دەکرێ هەر لەو سەردانەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر پڕۆژەی گواستنەوەی بازرگانیش بدرێت.

ھەواڵی زیاتر