ڕائیب جادر – هەولێر
شێخ ئەحمەد، لە ساڵی 1896لە دەڤەری بارزان و لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و ناودار هاتۆتە جیهان، هێشتا تەمەنی 7ساڵانە بوو کە باوکی شێخ محەمەد کۆچی دوایی کردووە و برا گەورەکەی شەهید شێخ عەبدلسەلام بارزانی جێگێرەوەی باوکی بوو درێژەی بە خەباتی مروڤایەتی و ئولی و شوڕەشگێری دا لە سەردەمی شێخ عەبدلسەلام دەڤەری بارزان زۆر بە هێز بوو چاکسازی کۆمەڵایەتی و زۆر دەستکەوتی تر بەدەست هات.
ساڵی1914 شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە لایەن عوسمانیەکانەوە دەست بەسەرکرا و شەهید کرا، شێخ ئەحمەد بارزانی برای بچووکی شوێنگرەوەی باو باپیرانی بوو درێژەی بە رێبازی پیروزی دەڤەری بارزان دا”.
سەرباری ئەوەی تەمەنی کەم و کەم ئەزموون بوو، بەڵام گەشەی بە ڕێبازی کورد بوون ئیسلامەتی دا لە چوارچێوەی ئەو ڕێبازە وەک پشتیوانی کردن لە شێخ مەحمودی حەفید، چووە دەڤەری بازیان و لەوێ لە دژی زوڵم و ستەمی ئینگلیز ڕاپەڕی، لەبەر ناوداری شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و ئەو ڕوڵەی بو سەرکردایەتی دەڤەری بارزان و بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان گێڕابووی شێخ عبدالقادری نەهری نامەیەکی لە ڕێگای شێخ عەبدولرحمن شرناخی نارد بۆ شێخ ئەحمەدی بارزانی تا سەرکردایەتی بزاڤی کورد لە ئەستۆ بگرێ، بەڵام شێخ ئەحمەد قەبووڵی نەکرد و پێداگیری لەسەر ئەوەکرد ئەم ئەرکە پیرۆزە با شێخ عبدولقادر، ئیدامەی پێبدات هەر لەسەر داوای شێخ ئەحمەد، بارزانی نەمر لەگەڵ شێخ عەبدولرحمن شرناخی ناردە باکوری کوردستان و لە دەڤەری دوشێ بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ شێخ عبدالقادر و شێخ سەعیدی پیران، سەردەمی شێخ ئەحمەد، سەردەمێکی پرشنگدار بوو لە مێژووی پڕ سەروەری گەلی کوردستان بە گشتی، لە شێوازی بەڕێوە بردن.
دادپەروەری، یەکسانی، لێبوردەیی، سەرشۆڕنەکردن بۆ داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد، تەسلیم نەبوون، ئیرادەی پۆڵاین، ڕاستی و دروستی، ڕەوشت بەرزی و پێکەوە ژیان و ئولی، تا دوای، هەموو ئەمانە کران بە یاساو ڕێسا لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانی”.
شێخ ئەحمەد بارزانی، خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەری فیکری و هزری و روحی و جەستەیی بوو کە ببووە هۆی توانا و رەفتارە بەرزە کۆمەڵایەتیەکەی، هەڵگری تایبەتمەندیە رەوشتیەکانی وەک تەوازع، بەخش و کراوەیی، دادپەروەری و پابەندبوون بە بەڵینەکەی بوو، خاوەن پەروەردەیەکی بەهێزی راست و دروست بوو بەجۆرێ کە توانی ژینگە و دەروبەرەکەی بگۆرێت نەک بکەوێتە ژێر کارگەریانەوە، خاوەن ئەو ئێرادە بەهێزە بوو، دیل و گیرۆدەی دنیا و سەروەت و ماڵ و سامان نەبوو، بەڵکو کەلوپەلی دنیای بەوەسیلە و ئامرازی خزمەتکردنی مرۆڤ دەزانی، بۆیە هەمیشە دەیفەرموو : ئەگەر هەمی دنیایا من بیت دێ دەم دا مرۆڤەک بە تەلەف نەچیت. ئەمەش پێویستی بە بەرخودان و خۆراگری و تێکۆشان و بزاڤ و جولەیەکی کۆمەڵایەتی هەبوو کە شێخ ئەحمەد بارزانی بوو بە ئاڵا هەڵگری ئەم پەیام و ئامانجە مرۆڤایەتیە لە ناوچەکەدا، باجەکەشی بریتی بوون لە شازدە جار خاپور و سوتاندنی گوندی بارزان بەدەستی داگیرکەر و دوژمنانی کورد و کوردستان و بەندکردنی شێخ ئەحمەد بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی ١٢ ساڵ بەدەست و پێ بەستراوەیی.
لە ساڵی 1919 کاتێک شێخ مەحموودی حەفید لە دژی ئینگلیزەکان دەجەنگا شێخ ئەحمەد نامەیەکی بۆ سەرۆک هۆزەکانی بادینان نارد کۆمەڵێ پیاویان کۆ کردەوە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر بەڕێ کەوتن بۆ پاڵ پشتی کردنی شێخ مەحموودی حەفید”.
ئەم کەسایەتی شۆڕشگێر و تێکۆشەرەی نەتەوەکەمان دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە 11/1/1969 لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد”.