فازڵ میرانی پێشوازیی لە سەرۆکی هاک پار کرد و ڕەوشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان (ھاک پار)، لەتیف ئەپوز دەمیر کرد و لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی شاندی یاوەریان تیشکیان خستە سەر ڕەوشی ناوچەکە و پێشھاتە تازەکان و، سەرۆکی ھاک پار پەیوەندیی خۆیان و پارتی دیموکراتی بە پەیوەندییەکی مێژوویی وەسف کرد.

لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان (ھاک پار)، لەتیف ئەپوز دەمیر و شاندی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان تیشکی خستە سەر ڕەوشی ناوچەکە و پێشھاتە تازەکان و دووپاتی کردەوە کە بە یەکڕیزی و بە ڕێکاری ئاشتییانە میللەتەکەمان دەتوانێت بگات بە ئامانجەکانی.
میرانی تەئکیدی لەسەر ئەوە کرد: ”لە ناخۆشییەکاندا میللەتی ئێمە دووپاتی کردووەتەوە کە ھاوکاری یەکترن و بە ھانای یەکترەوە دەچن و پەیوەندییەکانیان قووڵتر دەکەن بۆ بەرژەوەندیی میللەتەکەمان و مرۆڤایەتی.”
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوش دا: ”پارتی دیموکراتی کوردستان توانی جارێکی دی سەرکەوتنێکی بەرچاو تۆمار بکات لە ھەڵبژاردنی عێراق و دووپاتی کردەوە کە ھەر پارتیی جارانە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەنجتر دەبێتەوە.”
لەتیف ئەپوز دەمیر، سەرۆکی ھاک پاریش، وێڕای سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پێشوازیکردنیان، باسێکی لەسەر ھاک پار پێشکەش کرد و بارودۆخی ئەمڕۆی تورکیای خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا بە قۆناغێکی خراپی ئابووریدا تێ دەپەڕێت.
سەرۆکی ھاک پار پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاک پاری بە مێژوویی وەسف کرد و ھیوای خواست پەیوەندییەکانیان بەرەو پێش بڕۆن.
ئازاد بەرواری و ڕێبوار یەڵدا، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی و، عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی بۆ کارووباری سیاسییش ئامادەی ئەم دیدارە بوون

ھەواڵی زیاتر