داگیرکاریی و دەستدرێژییەکانی پەکەکە لە شنگال بۆسەر هاووڵاتیان و کادیرانی پارتی بە تایبەتی بەردەوامە و جارێکی دیکەش کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە شنگال تیرۆر کرد.
لەبارەی تیرۆر کردنی ئەو کادیرەی پارتیەوە، ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی17ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە: “کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناوی ئەحمەد حوسێن لە ئێوارەی ڕۆژی ٦ ئەم مانگە لە شنگال لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە رفێندرا و بێسەروشوێن بوو، بەرەبەیانی رۆژی هەینی تەرمەکەی لە شنگال دۆزرایەوە”.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ١٧ ئاماژەی بەوەش کردووە“ئەو کادیرەی پارتی خەڵکی خانەسۆری سەر بە قەزای شنگالە و بە سەردانێک چووەتە قەزای شنگال و پاشان لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە رفێندراوە و کوژراوە”.
زۆزانی ئەوەشی ڕاگەیاندووە: “حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە کوشتوبڕ و بێسەروشوێنکردنی خەڵک کە لە شنگال هەیە، ئێمە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین و لە مافی خۆمان خۆش نابین، ئەمە یەکەم حاڵەتی رفاندن و کوشتن و بێسەروشوێنکردن نییە کە لە شنگال رودەدات بەڵکوو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەدان کەس رفێندراون و کوژراون لە شنگال لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە، بەڵام بە داخەوە بەغدا لە ئاست ئەو کردارانەی پەکەکە بێدەنگە”.