کورد و سوننە لە نێو خۆیاندا یەکیان گرت و، شیعەش خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە

سەروسیمای سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت، بەڵام هێشتا روخساری ئەو کەسە دیار نییە سەرۆکایەتی وەزیران دەکات لەگەڵ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، بۆ ئەوەی یەکەم شیعە هێشتا ناکۆکیی قووڵ لە نێویاندایە و ئەوەی دووەمیشیان پارتی و یەکێتی لە گفتوگۆی چڕدان لەسەر ئەو پرسە، پارتی نایەوێت ئەزموونی ٢٠١٨ دووبارە ببێتەوە بێ بوونی رێککەوتنی کورد پۆستەکە بدرێتە کەسێک، ئاماژەکان نزیکیی پارتی و یەکێتی لەو پرسەدا پێشان دەدەن .

سوننەکان دوای سەردانیان بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی سەرکەوتوو بوون لەوەی محەممەد حەلبووسی بکەنەوە سەرۆکی پەرلەمان، خەمیس خەنجەریش ببێتە سەرۆکی هاوپەیمانیی نێوان سوننەکان، کوردیش بەربەستی جیاجیایی شکاند و پارتیی و یەکێتی پێکەوە دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستاندن کرد لەگەڵ لایەنەکانی شیعە .
لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران مشتومڕی زۆر هەیە، رەوتی سەدر کە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێکی بۆ سەرۆکوەزیران دیاری نەکردووە، بەڵام چەند کەسێك بۆ ئەو پۆستە ناویان دێت لەوانە مستەفا کازمی کە کەمتر لە دوو ساڵە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرتووە، سەدر پێنجشەممە پێشوازیی لە کازمی کرد و پێکەوە قسەیان کرد لەوبارەوە، کازمی پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەدر گوتی: “سەردانەکە بۆ بابەتی کارگێڕی بووە نەک پرسی سیاسی، بەڵام سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق دەڵێن سەردانەکە دوور نەبووە لە پرسە سیاسیەکان، بەپێی گوتەی هەندێك لایەن کازمی لەهەمووان بەتواناترە لای سەدر بۆ سەرکردایەتیی ئەو حكوومەتە زۆرینەیەی داوای دەکات، بەڵام لێکدانەوەش زۆرن بۆ دووبارە دانانەوەی کازمی، لەوانە بێ لایەنی سەرۆکوەزیران لە نێو پارتەکان و سەرکردایەتیی چارەسەری قەیرانەکان لە عێراق، سەرەڕای ئەوەش کازمی و سەدر لە پرسی ئاسایش و کارگێڕی هاوڕان و بۆچوونیان لە یەکدی نزیکە، هەوڵیشی هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، سەرەڕای ئەوەش پارتە شیعەکانی نزیکی ئێران دژی ئەوەن کازمی ببێتەوە سەرۆکوەزیران بە هۆکاری شکستیان لە پەرلەمان دەزانن و لەوباوەڕەدان زیانی بۆ ئەوان هەیە.

دروستکردنی هاوپەیمانی و بلۆکی گەورە
شرۆڤەکارانی سیاسیی عێراق دەڵێن ئەو مشتومڕە سیاسییەی هەیە لە نێوان پێکهاتەکاندا بۆ ئەوەیە لایەک بە لایەک بێت و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دروست بێت، سەدر دەیەوێت هەندێك لایەن لەنێو حكوومەت بن و ببنە هاوبەش لە حكوومەتدا، بەڵام بەشێکی شیعەکان ئەوە رەت دەکەنەوە، رێبەری رەوتی سەدر لە چەندین بۆنەی جیاوازدا رایگەیاندووە:”حكوومەتی زۆرینە پێک دێنین” بەڵام دەوڵەتی یاسا و هەندێک لایەنی دیکە ئەوە رەت دەکەنەوە .
سەدر بە نیازە لەگەڵ کورد و سوننە و سەربەخۆکان گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دروست بکات و حكوومەت پێک بێنن، لە ئەگەری روودانی ئەو هاوکێشەیە لایەنەکانی شیعە ئەوانەی لە هەڵبژاردندا شکستیان خوارد دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەی پێکهێنانی حكوومەت، ئەوەی سەدر داوای دەکات بازدان و گۆڕانکارییە لە چاو ئەو حكوومەتانەی پێشتر پێک هێنراون، وەزارەتەکان دابەش دەکران و گەندەڵیش گەیشتبووە لووتکە، ئێستا هەم سەدر و هەمیش پارتی کراوەن بەرامبەر ئەو هاوپەیمانێتییەی سونەکان رایانگەیاندووە، ئەوان ناکۆکییان وەلا نا و پێ دەچێت لە حكوومەتدا پشتیوانیی سەدر بکەن، ئەوان کە خاوەنی دەنگی سوننەن لە عێراق لە دەرەوەشدا پشتیوانیی ئیمارات و میسریان هەیە، خەمیس خەنجەر دوای بوونی بە سەرۆکی هاوپەیمانێتی لەگەڵ تەقەدووم جەختی لە ئارامی و بونیاتنانەوەی عێراق کردەوە، ئەو دەڵێ بۆ مافی خەڵك یەکمان گرتووە بەردەوامیش دەبین لە گوشارەکانمان.

کورد یەکیان گرت
لە نێو ماڵی کوردیشدا دوو لایەنی سەرەکیی پارتی و یەکێتی بە شاندی هاوبەش چوونە بەغدا، هەردووکیان کە خاوەنی 49 کورسی پەرلەمانن، لەسەر ئەوە رێک کەوتوون لە بەغدا بە لەگەڵ لایەنە شیعەکان، مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی رایگەیاند: “گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بە شاندی هاوبەش دەبێت، هەر بە شاندی هاوبەش گفتوگۆ لەگەڵ سوننە و سەدر دەکرێت، ئەو دەڵێ سەدر لەگەڵ ئەوەیە حكوومەتی زۆرینە پێکبێت، بە بڕوای ئەوان پێویست نییە حكوومەت هەموو لایەنەکانی تێدا بێت، ئەوانی دیکەش ببنە ئۆپۆزیسیۆن، گوتەبێژی پارتی دەڵێ: “هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت لەگەڵ لایەنە شیعەکان بەڵام ئەوانیش پێویستە ناوخۆیان رێک بکەون، ناشبینە بەشێك لە کێشەکان .
بەپێی گوتەی شارەزایان رێگەی حكوومەتی داهاتوو روونە، سوننە و کورد و سەدرییەکان لەگەڵ سەربەخۆکان.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق، کورد ٦٣ کورسی هەیە، بەڵام بەشێکی لایەنەکان بەشداری حكوومەت ناکەن، پارتی و یەکێتی بە ٤٩ کورسیەوە بە سەنگ و قورساییەوە لەگەڵ شیعەکان گفتوگۆ دەکەن .

ھەواڵی زیاتر