نهێنیی ئەو كراسەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ سەركردەیەكی شۆڕشی ئەیلوول چنراوە

كوڕی شەهیدێكی ناوداری شۆرشی ئەیلول یادگاری چیرۆكی كراسێكی چنراو بۆ “هەولێر” دەگێرێتەوە كە لەلایەن خانمێكی كوردەوە بەر لە زیاتر ٥٠ ساڵ بۆ هاوسەرەكەی چنراوە.

حوسێن كوڕی سەید مستەفای سەید جەعفەری بنەكاولیە، كە سەرلق بووە لە بەتالیۆنی هەندرێن- هێزی باڵەك لە شۆڕشی ئەیلوول، ئەو چیرۆكی ئەو كراسە بۆ هەولێر دەگێرێتەوە كە زیاتر لە (٥٠) ساڵ پێشتر دایكی بۆ باوكی چنیویەتی، بەڵام لە دوای شەهیدبوونی باوكی ئەو كراسە وەكو یادگارییەك لەلای دایكی دەمێنێتەوە

(حوسێن ) دەڵێت: “ئەوكاتەی دایك و باوكم لە بناری چیای هەندرێن، ماڵێك و ژیانێكی سادە پێكەوە دادەنێن، هەزاران ئومێد و خەونی رەنگاوڕەنگیان هەبووە، بەڵام خەونەكان بوون بە واقعێكی زۆر تاڵ و ناخۆش، كە سەرەنجام بە كۆستكەوتنی دایكم و شەهیدبوونی باوكم لە شۆڕشی ئەیلوول لە (٥ی كانوونی دووەمی ١٩٧٥)، قۆناغی ژیانی پێكەوەییان پچڕا، بەڵام مەینەتی و تاڵاوی ژیان بۆ دایكم و بۆ ئێمەش زیادیان كرد.

سەبارەت بەو كراسە حوسێن دەگێرێتەوە و دەڵێت : “چیرۆكی ئەو كراسەی لە وێنەكەدا دەیبینن، دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر زیاتریش، كە دایكم بە دەستوپەنجەی خۆی، شەوانە لەبەر شەوقی كزی لالە و فانۆس، بە سەلیقە و دەستڕەنگینیەوە دروویەتی. چەندەی لێی ورد ئەبیەوە، زیاتر وەستاكاری و ئەو خولیا جوانەی تێدا ئەبینی، كە ژنێكی كورد بۆ هاوسەر و سەردارەكەی دەریبڕیوە، بەڵام ئەوە هەر بەوەندە نەبڕاوەتەوە، بەڵكو لەوكاتەی، كە باوكمان (سەید مستەفای سەید جەعفەری بنەكاولی – سەرلق لە بەتالیۆنی هەندرێن – هێزی باڵەك – لە شۆڕشی ئەیلوول) لە دوا رۆژەكانی شۆڕش لە (٥ی ١ی ١٩٧٥) لە بەرەی پێشەوە لە (گوندی بەرسیرین) لەگەڵ خالید حەمەدەمین گەرەوەیی، جێگری سەرلق، هەروەها پێشمەرگەیەك بە ناوی حەمەد حوسێن كەڵێتەیی، هەرسێكیان بەیەكەوە شەهید ئەبن، ئەوكاتە ئێمە ئاوارەی ئێران بووبووین و منداڵ و تازە هەرزەكار بووین، بەڵام لەوێ رۆژێوە تا دواساتەكانی تەمەنی، دایكی ئازیزی بەوەفامان رابی (رابیعە قادر رەشید فەقیانی)، وەك یادگارییەكی ئازیز لای خۆی هەڵیگرتووبوو و پیشانی كەسی نەداوە، تەنانەت ئێمەیش.

كوڕەكەی سەید مستەفای دەڵێت دایكی كۆچكردوومان لە (٢١-٣-٢٠١٤ و لە رۆژی نەورۆز) بۆ یەكەمجار ئەو یادگارییە بەهادار و خۆشەویستەی خۆی، كە بێگومان پڕاوپڕە لە یادەوەریی تاڵ و شیرین، پڕاوپڕە لە مانای وەفاداری و خۆشەویستی، ئاشكرا كرد و پیشانی ئێمەی دا. راستییەكەی، ئەو كراسە بۆ ئێمە شتێكی لەناكاو بوو، شاگەشكەی كردین و دەمێك پێیەوە تاساین، كە ئەوە بۆ ئەوكات، كە لە ٢٠١٤ كە چۆنە ئەوە زیاتر لە ٥٠ ساڵ بەسەر چنینی و ٣٩ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی باوكمان تێئەپەڕێ بەڵام بۆ یەكەم جار، لە رۆژی نەورۆز، دایكمان لە بوخچە كۆنەكەی هێنایەدەر و ئەوەندە نوێ بوو، هەر ئەڵێی تازە دروست كراوە! رەنگبێ دایكی ئازیزمان بیری بۆ ئەوە چووبێ، كە ئیدی پیر بووە و رەنگە ئەم ختووكە و خەیاڵە هانی دابێ، كە كراسەكەی باوكمان، چیتر لە بوخچە و باولەدا بە نهێنی نەهێڵێتەوە و ئەو یادگارییەی خۆی، بە ئێمە ببەخشێ.

حوسێن سەبارەت بە كەسایەتیی دایكی كۆچكردووی دەڵێت : “دایكی ئێمە یەكێك لەو دایكە كوردە رووسوور و پاكانەیە، كە هەموو تەمەنی جوانیی خۆیان لە رێی كوردایەتیدا و لەناو كۆشێك منداڵی هەتیودا بردە سەر. ئێمە وەك كوڕی ئەو، لەبەرامبەر دایكمان هەرچییەك بكەین و هەرچییەك بڵێین و هەرچییەكیش بنووسین، دڵۆپێكە لە دەریای فراوانی گیانفیدایی دایكمان، لە مەینەتییەكانی ئاوارەیی ئێران و باشووری عێراق و لە سێ جار تیاچوونی هەموو ماڵ و مڵك و خانوو و سەروەت و سامان، جگە لە شەهیدبوونی هاوسەری ژیانی و كۆستكەوتن، شەهیدبوونی دوو لە كوڕە جاحێڵەكانی و مردنی هەشت كوڕی دیكەی ساوا و منداڵی، (واتە لە پازدە سكی بە كوڕ، كە خۆی بەدڵنیاییەوە چواردەی بەتەواوی وەبیرن و لە پازدەمینیش بەهۆی بەسەرچوونی تەمەن و كزبوونی یادەوەری، تێ ماوە) دە جار بە دە لە كوڕەكانی جەرگی سووتاوە، ئەمەش چیرۆكێكی دیكەی پڕ خەم و حەسرەتی دایكمە رابی گیان، دایكە ئازیزەكەی ئێمە، نموونەی ئەو دایكە گیانفیدایانەیە، كە هەموو ژیانی خۆیان بە زیندوویی كردە سەدەقەی منداڵەكانیان و تێكۆشان لە ڕێی كوردایەتی و نیشتماندا.

لە كۆتایی قسەكانیشدا حوسێن پەیامێكی خۆشەویستی بۆ دایكی دەنێرێت دەڵێت: دایە گیان سڵاوت بۆ دەنێرم و بەئاشكرا لەبەردەم دۆست و ئاشنایان، لەبەردەم قاپی خوای گەورەش دانی پێدا ئەنێین، كە هەرگیز ناتوانین هەقی جوانییەكانت بدەینەوە. ئەوە ئێمە نین، كە بتوانین كەمترین چاكەت بدەینەوە، مەگەر خوای گەورە، بە دلۆڤانی و بەخشندەیی و جوانیی خۆی، پاداشتی جوانییەكان و قوربانییەكان و حەسرەت و ئاهە ساردەكانت بداتەوە.

بۆیە باشتر لە هەر شتێك بۆتی بكەم و بۆتی بڵێم و بۆتی بنووسم و بۆتی بخوازم ئەوەیە، كە بە دڵێكی پاكەوە، هەر بەو خوایەت بسپێرم، كە ئەو لە ئێمە زۆر باشتر تۆی دیوە و زۆر باشتر تۆی ناسیوە و زۆر باشتریش لە ئێمە دڵنەواییت ئەداتەوە. بە خوات دەسپێرم دایە گیان، كە هەر زاتی ئەو، باشترین یاوەر و پەنای بەندە باشەكانی خۆیەتی. گەردنت ئازا بێ و تۆش لە ئێمە خۆش بە و بمانبەخشە، ئاواتمان ئەخواست سەرلەبەری ژیانت ئاسوودەیی و بەختەوەری بوایە، نەك مەینەتی، بەڵام كوا چارەنووس لە دەست ئێمەمان و كوا ژیان بە ئاوات و خۆزگان هاتووە و چووە..!!

هەروەها حوسێن مستەفا لەسەر ئەو كراسە ئەو شیعرەی خوارەوەی بۆ دایكی نووسیوە دەڵێت:

لە شكۆفەی دارخۆخەكانی بەهار و

لە كەفی بەفراوی سازگار و

لە گزنگی خۆری دەم بەیان

تا هەركاتێ كردتە بەرت

تامی خۆخەكانی ناو باخ و

فێنكیی كەویە بەفرەكانی سەر شاخ و

گەرمیی تیشكە زیوینەكانت بگاتە گیان

ئەم كراسەم بۆ چنیبووی بیكەیە بەر

تا لە هەر شوێنێ لێم دوور بووی

لەگەڵ داوی دروومانا

پەنجەكانم بەسەر دڵتا بێن و بچن

دەك كوێراییم ..

چۆن بزانم، ئەم سەفەرە، بۆ یادگاری

لە باولەدا جێی دەهێڵی

نەبا هەرگیز نەیبینمەوە و ببتە كف!

ھەواڵی زیاتر