سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ بەڕێوە دەچێت

سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ بەڕێوە دەچێت، ھاوکات بەستنی ماسک بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لە کاتی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن ئیلزامییە.

سبەی دووشەممە ١٠ی ١ی ٢٠٢٢ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە حکوومی و ناحکوومییەوە لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە تاوەکوو ١٢ی ئامادەیی دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندنی ساڵی (٢٠٢١ -٢٠٢٢)ە و، لە ڕێکەوتی ١٩ی ١ تاقیکردنەوەکان کۆتایی پێ دێت و لە ڕێکەوتی ٢٠ی ١ پشووی فەرمی دەبێت لە سەرجەم قوتابخانەکان تاوەکوو ٢٣ی ١.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاند: سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار کراونەتەوە کە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، بەستنی ماسک بۆ ستافی کارگێڕی و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لە کاتی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن ئیلزامییە و لەگەڵ تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک بە ڤایرۆسی (ئۆمیکرۆن) دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ئاستێکی زۆر باشدا جێبەجێ بکرێن، ھەروەھا بۆ تاقیکردنەوەکانیش ھەموو پێداویستییەکان دابین کراون و وەرزی یەکەمی خۆیندنیش بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ ھێنرا.

ھاوکات وەزارەتی پەروەردە یەک ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا ھەزار ماسک و شەش ھەزار و حەوت سەد پاککەرەوە (معقم)ی بۆ خۆپارێزیی مامۆستایان و قوتابیان، بەسەر پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش کردووە.

ھەواڵی زیاتر