گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن و گوتەبێژانی وەزارەتەکان کۆبووەوە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و گوتەبێژی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکوومەت کۆ بووەوە، کارکردن بۆ باشترگەیاندنی پەیامی حکوومەت بە هاووڵاتییان تاوتوێ کرا. 

د. جوتیار عادل ئەمڕۆ یەکشەممە گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە مەبەستى تاوتوێکردنى دۆخى کارى میدیایی و باشترگەیاندنى پەیامى حکوومەت بە هاووڵاتییان، لەگەڵ بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و گوتەبێژی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.

سەرەتا گوتەبێژى حکوومەت باسى گرینگى و بایەخى کارى میدیایی لە نێو کۆمەڵگەى کوردى و ڕێکخستنەوەى گوتارى حکوومەتی کرد و ڕێکخستنەوەى کارى میدیایی بە زەروورەتێکى بەردەوام هەژمار کرد لە ئاست ئەو تەوژمە میدیا و دەنگۆیانەى کە لە نێو کەناڵ و سۆشیاڵ میدیاکانەوە ئاراستەى حکوومەت دەکرێت و شێلگیرى فەرمانگەى میدیا و زانیاریشى نەشاردەوە لە یەکانگیرکردنى گوتار و نەهێشتنى جیاوازى حزبی و زاڵکردنى میدیاى حکوومى بەسەر میدیاى شەخسى و تاکەکەسى تا هاووڵاتییان زیاتر متمانە بە میدیاى حکوومەت بکەن و داتا و زانیارییە واقعییەکان کە ئێستا بڵاو دەکرێنەوە زووتر بگەنە گوێگر و خوێنەر و بینەر.

هەروەها د. جوتیار عادل بەدەر لەو یەکانگیرییە باسى لەوەش کرد کە فید باک و چاودێرى میدیاى ناوخۆیی و سۆشیاڵ میدیا زۆر گرینگە، “هەر بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ڕێکخستنەوەى کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان و هەوڵى جددى دەدەین بۆ ئەوەى چیتر ئەم میدیایە فەوزائاسا هاووڵاتییانى ئێمە بەلاڕێدا نەبات و ڕاستییەکانى لا نەشێوێت”.

لە پاشاندا هەر یەک لە بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان قسە و پێشنیارى خۆیان لەسەر کارى میدیایی لەنێو شوێنى کارەکانیان هێنایە گۆڕێ و سەرەڕاى هێنانە زمانى پێشنیار و لێکدانەوە لەسەر پرسە قسە لێکراوەکان، باسى کەموکورتى و گرفتەکانى بەردەم میدیاى حکوومەتیشیان کرد.

ھەواڵی زیاتر