سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک: ١٥٠ کارگە لە ناوچەی پیشەسازیی دهۆک مۆڵەتیان وەرگرتووە

کارکردن لە ناوچەی پیشەسازیی خۆراکی دھۆک بەردەوامە و سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بارزگانیی پارێزگاکەش دەڵێت، تا ئێستا ١٥٠ کارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەبێتە گەورەترین ناوچەی خۆراکی لە کوردستان و عێراق.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ناوچەی پیشەسازیی خۆراک لە دھۆک لە ساڵی ڕابردووەوە کاری تێدا دەکرێت و ژێرخانی پڕۆژەکە تەواو دەکرێت، ھەروەھا ١٥٠ کارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئێستا کار دەکەن بۆ کردنەوەیان، پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٥٠٠ کارگەش لەو ناوچەیە بکرێتەوە.”
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک دەڵێت: “پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازیی خۆراک لە دھۆک گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی خۆراکە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان و لەسەر ڕووبەری یەک ھەزار دۆنم لە ناوچەی کانی سپیی قەزای سێمێل دروست دەکرێت.”
ئەیاد حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “ناوچەی پیشەسازیی خۆراک ھەموو پێداویستییەکی خۆراک بەرھەم دێنێت و بەرھەمەکەی بۆ ھەموو عێراق دەبێت، چونکە چدند جۆرە کارگەی تێدا دەکرێتەوە، ھەر بازرگان و کۆمپانییەکیش بیەوێت کارگە دابمەزرێنێت لەو ناوچەیە، لە ڕێگەی دەستەی وەبەرھێنانەوە مۆڵەتی پێ دەدرێت.”

ھەواڵی زیاتر