مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە دەبێتە سیمبولی پاراستنی زمانی دایک

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

‎لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بە چەپڵەڕێزان پاڵپشتیان لە مامۆستایەکی زمانی کوردی کرد کە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی تاوان، پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و تاوانەکەی تەنیا ئەوەیە منداڵانی كوردی فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی کردووە.

‎زارا محەمەدی ئەو مامۆستایەیە کە زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو لە دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی ئەدەبی و فەرهەمگی نۆژین، لە سنە خۆبەخشانە کاتی خۆی تەرخان کردبوو بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە خەڵک و لە پێناو برەودان بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ خست.
‎ئەو کە سەدان کەسی فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی کردووە، لە زۆربەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشدا بەشدار بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی کارکردن بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و هانابردن بۆ دروستکردنی گرووپ و رێکخراو گیرا. دواتر لە لایەن دادگاوە ١٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەگوتەی پارێزەرەکانی دادگاکە کە یەکێک بووە لە نادادپەروەرانەترین دادگاییكردنەكە و بچووکترین بەڵگەش لەسەر ئەو مامۆستایە ساغ نەبوویەوە تا بەم حوکمە سزا بدرێت.
‎حوکمەکەی زارا محەمەدی بە هەوڵی پارێزەرەکانی گەڕێندرایەوە دادگای پێداچوونەوە و تەنانەت ئەو دادگایەش نەیتوانی هیچ بەڵگەیەکی لەسەر بدۆزێتەوە تا پەسندی سزاکە بکات و دواجار ئەویش بە بێ هیچ بەڵگەیەک تەنیا پێنج ساڵ لە سزاکەی کەم کردەوە.
‎رۆژی شەممە هەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بۆ ئەوە دیاری کرابوو زارا محەمەدی کە بە بارمتە ئازاد کرابوو، خۆی رادەستی دادگا و گرتووخانە بکات بۆ ئەوەی سزای پێنج ساڵەکە بکێشێت. لەم چەند رۆژەدا چالاکان و پارێزەران و بنەماڵەی زار محەمەدی بە پەیام و لێدوانی جیاواز ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئەو حوکمەی دادگا دەربڕی.
‎خەڵکی سنە بۆ پاڵپشتیکردن لە زارا، لەگەڵیدا چوونە بەردەم دادگا و ویستیان ئەوە بسەلمێنن کە ئەوەی گیراوە تەنیا کەسێکی ئاسایی نییە بەڵکوو نوێنەرایەتی پرسێکی نەتەوەكەی خۆی دەکات.
‎پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت لە ئێران لە مادەی ١٥ی دەستوور مافی خوێندن بە زمانی دایک لە هەندێک قۆناغدا دراوە و چالاکی ئەدەبی و فێرکردنی زمانی زگماکی بە هیچ شێوەیەک کارێکی نایاسایی نییە. چالاكوانانی كورد دەڵێن: هیچ کات ئەو مادەیە جێبەجێ نەکراوە، بۆیەش ئەنجوومەنە ئەدەبییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆبەخشانە خۆیان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و پەرەیان بە فەرهەنگ و کولتور و زمان و ئەدەبیاتی کوردی داوە بەڵام هەر جارە و بە بیانوویەک چالاکان سزا دەدرێن.
‎دوێنێ لە رێورەسمی بەرێکردنی زارا محمەدی بۆ گرتووخانە جگە لە خێزانەکەی ئەو، بە سەدان کەس لە چالاکانی ئەدەبی و مامۆستای زانکۆ و پارێزەران و خەڵکی ئاسایی بەشدار بوون و بە چەپڵەڕێزان و بەرزکردنەوەی هەندێک دروشمی نەتەوەیی هێندەی تر ورەی زارایان بەرز کردەوە و بەڵێنی ئەوەیان بە زارا دا هەموویان هەر لەسەر رێبازەکەی ئەو دەبن.
‎زارا محەمەدی لە نێو ئاپۆرای جەماوەرەکە بۆ خەڵک دوا و گوتی ”ئەو پاڵپشتییە نەک تەنیا بۆ من، بەڵکو پشتگەرمییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا تێکۆشان دەکەن و دەزانن خەڵکەکەیان بە ئەمەگن. بەو رێز و خۆشەویستییەی کە نواندتان دڵنیا بن، چرکە بە چرکەی ئەو کاتگەلەی کە لە زیندانم باوەڕمەندتر دەبم”.
‎زارا محەمەدی لەبەردەم دادگای سنە گوتی قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە و بە چەپڵەڕێزان پاڵپشتی لێ کرا و پاشان باسی لەوە کرد کە چوونی بۆ گرتووخانە نەک لە ئامانجەکانی ساردی ناکاتەوە بگرە سوورتری دەکات لەو باوەڕانەی هەیەتی.
‎دوو رۆژ لەمەوبەر لە لایڤێکی فەیسبووکدا کە زارا محمەدی و پارێزەرەکانی ئامادەی بوون، دكتۆر جوامێر عه‌بدوڵاهی پارێزه‌ری زارا محه‌مه‌دی، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دۆسیه‌ی زارا دۆسیه‌ی گه‌لی كورده‌ و سزادانه‌كه‌ش زۆر نامرۆڤانه‌یه‌، دادگا نه‌یتوانیوه‌ هیچ تاوانێك له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ ساغ بكاته‌وه‌. ئەو باسی لەوە کردبوو کە زارا بچێتە گرتوخانەش کۆڵ نادات و لەوێ زیندانییەکان فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی دەکات.
‎خوێندن و نووسین و فێرکردن بە زمانی دایکی یان زگماکی سەرەتاییترین مافە کە لە جاڕنامەی گشتی مافی مڕۆڤ ئاماژەی پێ کراوە بەڵام هێشتا لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک لەسەری سزا دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر