پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی کە بە چەک و تابلۆی ساختەی ئۆتۆمبێل هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە ” مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد کە لە چەند شوێنێکی شاری سلێمانی تەقەی کردووە و پێشتر چەند فەرمانێکی گرتنی هەبووە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو “دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کەوا تۆمەتبارێک چەک و چەند تابلۆیەکی ئۆتۆمبێلی ساختەی پێیە و هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات، دەستبەجێ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنکەکانی ڕاسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بەپەلە بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار.

ڕوونیشی کردەوە ” دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار لەلایەن بنکەی پۆلیسی کوردسات بەناوی (د.ک.ع ) دەستگیر بکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی ساختەی پێوەبووە و لەگەڵ چەند تابلۆیەکی دیکەی ساختەی ئۆتۆمبێلدا”.

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەش دا ” تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی (279) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و لەهەر شوێنێکی دیکەش داواکراو بێت ڕەوانەی شوێنی داواکردنەکەی دەکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان”.

ھەواڵی زیاتر