ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی پەروەردە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابییان چەند ڕێکارێکی بۆ ڕۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان خستەڕوو.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممە (10ی1ی 2022) دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندنی ساڵی (2021 -2022) ئەنجام دەدرێت، بەو بۆنەیەوە سوپاسی تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردەی دەکەین کە وەرزی یەکەمی خوێندنییان بە سەرکەوتووانە کۆتایی پێ هێنا.
ڕاشیگەیاند: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە (حکوومی و ناحکوومی) ئاگادار دەکەینەوە کە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابییان، بەستنی ماسک بۆ ستافی کارگێریی و مامۆستایان و قوتابییان لەکاتی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن ئیلزامییە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو ” لەگەڵ تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک بە ڤایرۆسی (ئۆمیکڕۆن) دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەئاستێکی زۆر باشدا جێبەجێ بکرێن، بۆیە پێویستە سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگری قوتابخانە لەکاتی سەردانیکردنی ناوەندەکانی خوێندن لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنی وەرزی دووەم بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە بکەن و ئاستی پابەندبوونی مامۆستایان و قوتابییان بدەنە پەروەردەی قەزاکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە “بۆ مەبەستی خۆپارێزی وەزارەتی پەروەردە لە چەند هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک و 750 هەزار ماسک و 6 هەزار و 700 پاککەرەوە ( معقم ) بەسەر پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکردووە.