بەرپرسی دەروازەی سنووریی پێشابوور رایگەیاند، ئەو کەسانەی کە بە کارتی 30 رۆژی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەهۆی داخستنی سنوورەوە ماونەتەوە، دەتوانن پێنجشەممە 06-01-2022 لە دەروازەی وەلیدەوە بگەڕێنەوە.
شەوکەت بەربەهاری، بەرپرسی دەروازەی سنووریی پێشابوور رایگەیاندووە، “ئاگاداری خوشک و برایانی خۆشەویستمان دەکەینەوە لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوانەی بە کارتی 30 رۆژی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەهۆی داخستنی دەروازەی سنوورییەوە گیریانخواردووە، رۆژی پێنجشەممە 06-01-2022 لە کاژێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 04:00ی ئێوارە رێگەیان پێدەدرێت دوای تۆمارکردنی ناویان لە دەوازەی پێشابوور دەگوازرێنەوە بۆ خاڵی وەلید و لەوێوە دەتوانن بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان”.
بەرپرسی دەروازەی سنووریی پێشابوور ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دەرفەتە تەنیا بۆ رۆژی پێنجشەممە 06-01-2022 دەبێت، “واتە تەنیا بۆ یەک رۆژ دەبێت”.
کاژێر 02:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 15-12-2021 کۆمەڵێک گەنج بە بەرد و مۆلۆتۆڤ لە دەروازەی سنووریی سێمالکاوە ویستیان خاڵەکە تێپەڕێنن و بە نایاسایی بچنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری پێشابوور رێگرییان لەو کەسانە کرد، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا دەروازەکە بە داخراوی ماوەتەوە.
دەروازەی وەلید دەکەوێتە نێوان ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا و لەنێوان دەروازەی سنووریی رەبیعە و دەوازەی پێشابوورە، لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەشدایە. دەروازەکە 10 کیلۆمەتر لە دەروازەی سنووریی پێشابوورەوە دوورە.