سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

 

لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی بڕیاردرا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆی بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5/1/2022، لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هەردوولا هاوڕان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەی پارتی و یەکێتی هاتووە: “لە چوارچێوەی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ئەمڕۆ 5ی کانوونی دووەمی 2022 شاندیکی تایبەتی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، هەردوولا هاوڕابوون ک پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەسازیی نیشتمانی پێویست بکرێت و تێگەیشتنی ھاوبەش لەسەر میکانیزمە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەبێت”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “ھەردوولا کۆکبوون پێکەوە کار بۆ بەھێزکردنی متمانەی ھاووڵاتییان پەپڕۆسەی ھەڵبژاردن تۆکمە بکرێتەوە و پڕۆسەیەکی شەفاف و سەرکوتووبێت”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ئەوەخراوەتەڕوو: “ھەردوولا جەختیان لەوەکردەوە بەپێی رێککەوتنی سیاسی 5/3/2019ی نێوان ھەردوولا و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی ھەردوو حزب، بە گیانی برایەتی و تەبایی ھەنگاوە پێویستیە کرداری و یاساییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان بھاوێژن، بڕیاردرا لە ھەفتەی داھاتووەوە کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت”.