دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

نەخشەی ئایندەی سیاسیی عێراق دیسان لە هەولێرەوە دادەڕێژرێت

سلێمان تاشان – هه‌ولێر

ترافیکی سیاسی و دیپلۆماسی لە هەولێر زۆر بووە و، پەیتا پەیتا شاند و نوێنەرانی حزب و هاوپەیمانەتییەکانی عێراق سەردانی دەکەن، چونکە دەزانن ئایندەی سیاسیی ئەم وڵاتە هەر دەبێت لە سەقامگیرترین شوێنی بنووسرێتەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەرەنجامی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵەکەی پەسند کرد وـ ڕێوشوێنە یاساییەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەستی پێ کردووە.
بە پێی دەستووری عێراق، ١٥ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامی فەرمی هەڵبژاردن پێویستە پەرلەمان کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا دەبێ هەر یەک لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیش دەسنیشان بکرێت.
هەر خۆی ئەو دوو بەشەش بە یەکترەوە گرێ دراون، چونکە بەر لەوەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت ئەو فراکسیۆنەش بەدیار دەکەوێت کە بڕیارە لە دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت. لە سیستمی سیاسس عێراقدا بە شێوەیەکی عورفی، سەرۆکی پەرلەمان بۆ لایەنی سوننە، سەرکۆمار بۆ کورد و سەرۆکوەزیرانیش بۆ شیعە بووە.
لە نێو ماڵی شیعەدا، ململانێیەکان بۆ دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران، لە نێو ماڵی سوننەش ململانێکان بۆ دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بووە، کێشەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە کوردستان کەمتر بووە، هەر چەندە یەکێتی پێی وایە سەرکۆمار پشکی یەکێتییە، بەڵام پارتی بە پشکی کوردی دەزانێت و پێی وایە دەبێت کۆدەنگیی لەسەر هەبێت.
هەمووی چوار ڕۆژی ماوە تا پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە، بۆیەش گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دامەزراندنی گەورەترین فراکسیۆن زیاتر بووە.
بە گوێرەی دەرەنجامی هەڵبژاردن، ڕەوتی سەدر بە ٧٣ کورسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بووە و لایەنی تەقەددوم بە سەرۆکایەستی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان بە ٣٧ کورسی، دوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بە ٣٣ کورسی و پارتی دیموکراتیش بە ٣١ کورسی بەهێزترین براوەکانی هەڵبژاردنن.
لایەنەکانی شیعە بەسەر دوو باڵی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دابەش بوون، کە لە لایەنەکانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی پێک دێن.
هەر دوو لایەنی سوننەش، کە یەکێکیان هاوپەیمانیی عەزمە لە لایەن خەمیس خەنجەر و ئەوەی تریان محەمەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات و بۆ دەستەبەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان لە ڕەکابەریدان.
ئەوەی بووەتە مایەی یەکلاکەرەوەی کێشەکانی ناوماڵی شیعە و سوننە، هەرێمی کوردستانە و سەرۆک بارزانی بووەتەمایەی ئومێد و بە یەک گەیاندنی سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان و دواجار ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق.
سوننە، چەندین شاندی ڕەوانەی کوردستان کردووە و، بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن ڕێککەوتن و دامرکاندنەوەی بەشێکی سەرەکی لە ناکۆکییەکانی ئەو لایەنانە لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی بووە.
هەر دوێنێ، ژمارەیەک ماڵپەڕی عەرەبی و بیانی باسیان لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی سوننە لە یەکتر و کۆتاییهێنان بە کێشەی هەڵبژاردنی پاڵێوراو بۆ سەرۆکی پەرلەمان. ماڵپەڕی عەرەب باسی لەوە کردووە بارزانی سوننەکانی لە پەرتەوازەیی پاراستووە.
سەرۆک بارزانی، لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی شیعەش ڕۆڵی هەبووە و لەم دوو ڕۆژەدا نوێنەرانی سەدر و پێشتریش نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی تر سەردانیان کردووە.
دوێنێ سێشەم، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ‌، گەرەنتیی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد ئەوەیە، زۆر ڕاشكاوانە لە ناو كارنامەی لایەنە كوردییەكاندا داوای خۆیان بۆ حكوومەتی ئایندە هەبێت. کورد حكوومەتێكی نیشتمانیی دەوێ كە دەرگا و پەنجەرەكانی كراوەبن و لایەنەكان بەشداریی تێدا بكەن.
جێی باسە پارتی ویەکێتیش، لەگەڵ یەکتر لە هاوئاهەنگی دان و دواین کۆبوونەوەیان لە شاری سلێمانی بوو کە بڕیاری پێکهێنانی چوار لیژنەی هاوبەشیان دا، کاری یەکێک لە لیژنەکانیش نووسینەوەی ڕێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی بووە لە نێوان هەردوو حیزبدا. لیژنەیەکیش پاکێجێک بەناوی بەشداریی کورد لە حکومەتی نوێی عێراق ئامادە دەکات و بڕتارە لەم ڕۆژانەدا کۆ ببنەوە.
ئەوەی بۆ کورد بە گرنگ هەژمار دەکرێت ئەوەیە بە کۆدەنگی و تۆکمەیی و بێ هیچ ناکۆکییەکی ناوخۆیی بەشداری دانوستانەکان بکەن و، زۆرترین ماف بۆ گەلی کورد دەستەبەر بکەن.