یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

د. ئارام برادۆستی، بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان؛ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، بۆ ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێتە ئەزموونێکی سلبی

د. ئارام برادۆستی، بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەولێر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت، بە ناڕاستەوخۆ هەندێک لایەن زۆر بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و دوا بخرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە. دەشڵێ، هەموار کردنی یاسایی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی هیچ حزبێکی کوردستان نییە، لەم قۆناغەدا دەبێت بیر لە بەرژەوەندیی گشتیی میللەتی خۆمان بکەینەوە، بۆ ئەوەی مەرحەلەیەکی دیکە بەرەو پێشەوە بچین، بۆیە گرنگە کوردستان بەیەک بازنەیی بمێنێتەوە.

  • هیچ بەربەستێک هەیە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت؟
  • بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1 ساڵی 1992 هەر چوار ساڵ جارێک دەبێت هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بكرێت، تا ئێستا یاساکە حەوت جار هەمواری بەسەردا هاتووە و گۆڕانکاری تێدا کراوە، یاساکەش بۆ هەرێمی کوردستان باش و گونجاوە، بە گوێرەی دوایین هەمواری یاساکە، شێوازی هەڵبژاردن وەکو لیست لە هەرێمی کوردستان، نیمچە کراوەیە و دەنگدەران دەنگ بە لیستیان بە لیست و کاندید دەدەن، وەکو هەڵبژاردنی عێراق نییە، هەموو هەرێمی کوردستان یەک بازنەیە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ماوەیان 5 ساڵە، لە 23/12/ 2019 ماوەی یاسای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تەواو بووە، نووسراویان بۆ پەرلەمانی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی پەرلەمان رای خۆی بڵێ چ بە دووبارە متمانەدانەوەیان، چونکە بەپێی یاسا بۆیان هەیە پێنج ساڵی دیکە دابنرێنەوە، لە کۆتایی 2021 جارێکی دیکە نووسراو بۆ پەرلەمان بەرز کرایەوە، تا ئێستا پەرلەمان وەڵامی کۆمیسیۆنی نەداوەتەوە، ئەوە شتێکی سیاسییە، پێویستی بە لێک تێگەیشتن و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە لە دەرەوەی پەرلەمان، بۆیە هەر کاتێک ئەوان رێککەوتن وەکو هەر پرسێکی دیکەی سیاسی، کە رەهەندێکی سیاسی هەبێت، لە پەرلەمان کاری لەسەر دەکرێت و رەهەندە یاساکەی پێ دەدرێت، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی پێیان وایە دەبێت گۆڕانکاری لە پشکەکانیان بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو 9 کەسە لە پێنج لایەنی سیاسی پێک هاتووە، پارتی،یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ، بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2013 و ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دەیەوێت ئەو 9 کەسە بەشێوەیەکی دیکە دابەش بکرێنەوە، بە گوێرەی بەرکەوتەی خۆیان، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، ئایا هەر وەکو خۆ دەمێنێتەوە،یان دەستکاری دەکرێت، حزبەکانی دیکەش لەو دووبارە دابەشکردنە زەرەرمەند دەبن، گۆڕانکاری لە کورسییەکانی ئەوان دەکرێت، بۆیە ئەوان لەگەڵ ئەو دابەشکردنە نین.
  • بۆچی هەندێک لایەن هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن؟
  • هەر کاتێک یاسای هەڵبژاردن هەموار کرایەوە بە ئاسانی لێی دەرناچین، هەندێک لایەن داوا دەکەن کوردستان یەک بازنە بێت،یان چوار بازنە، هەروەها هەندێک داواکاری مەترسیدار هەیە، بۆ لێک جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکان، ئەمە دژی بنەما نێودەوڵەتییەکانە، لەبەر ئەوەی ناکرێت، مافی دەنگدان و مافی خۆ کاندید کردن، لە خەڵک وەربگیرێتەوە، بۆ نموونە من کەسێکی کوردم مافم هەیە دەنگ بە پێکهاتەیەکی دیکە بدەم،یان ئەوان نەتوانن دەنگ بە کوردێک بدەن، بۆیە بەڕاستی هەندێک شتی مەترسیدار هەیە، بۆیە هەر داخیلی ناو یاسای هەڵبژاردن بووین، بە ئاسانی لێی دەرناچین، ئەوەش دەبێتە هۆکار کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت و دوابخرێت، بۆیە پێویست دەکات لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو کۆمیسیۆنەی کە ماوەکەی بەسەر چووە رێک بکەون و ئەکتیڤی بکەنەوە، چونکە ئەگەر کۆمیسیۆن لەو دوو مانگەدا رێک خرایەوە دەتوانین لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكەین، ئەگەرنا دوا دەخرێت، هەرچەندە هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان نەکردووە، بەڵام داوا کردنی هەموارییاسای کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و داواکاریی دیکە، بەبۆچوونی من داواکاریی هەندێک لایەنە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
  • کەواتە تا چەند گرنگە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت؟
  • زۆر گرنگە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەرێوەبچێت، ئەوەش دوو دیوی هەیە، دیوێک پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان هەیە، لەرووییاساییەوە، چونکە کاتێک متمانە دراوەتە کاندیدەکان ئەو متمانەیە بۆ چوار ساڵ بووە، تەنیا کەسێک کە مافی هەبێت ئەو متمانەیە درێژ بکاتەوە، ئەویش خودی دەنگدەرە، ئەویش بریتییە لە دووبارە هەڵبژاردنێکی دیکە، هەروەها دیوێکی نێودەوڵەتیش هەیە، ئەزموونێکی پێشکەوتوومان هەیە، ئەزموونێکی دیموکراتیمان هەیە، ئەگەر بێت و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرێت، لە کاتێکدا لە عێراق بەو بارودۆخەی کە پێیدا تێپەڕ دەبێت، نەک هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکرا، بەڵکو پێش خرا، بۆیە پێویست ناکات کار لەسەر ئەوە بکرێت هەڵبژاردن دوا بخرێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئێمە دەبێتە ئەزموونێکی سلبی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەگەڵ ئەوە نیە هەڵبژاردن دوا بخرێت، بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین ئەو ئەزموونەی کە هەمانە ساڵ بەساڵ ئەگەر نەگەینە لوتکە، بەڵکو دەبێت بپارێزین و زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین.
  • یەک بازنەیی، یان فڕە بازنەیی ئێستا کامە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە؟
  • بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کەیەک بازنەیی پیادە دەکرێ، پارتە سیاسییەکان و لیستەکان کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردن هیچ دەنگێکیان نافەوتێ، بەڵام ئەگەر بێت و فرە بازنەیی بێت رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر حزبە سیاسییەکان دروست بکات، لایەنێکی سلبی فڕە بازنەیی ئەوەیە ناوچەگەرێتی زیاتر تۆخ دەکاتەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا دەبێت بیر لە بەرژەوەندیی گشتیی میللەتی خۆمان بکەینەوە، بۆ ئەوەی مەرحەلەیەکی دیکە بەرەو پێشەوە بچین، بۆیە گرنگە کوردستان بەیەک بازنەیی بمێنێتەوە لەرووی هەڵبژاردنەوە”.