رۆژی سێشەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دوای پێشکەش كردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێک دران کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکومەت، بە هەردوو ڕاژەی شارستانی و سەربازی، تاوەکو ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکرێت.
دووەم: ئەنجامدانی پشکنینی كۆڕۆنا لە خاڵه سنورییەکان بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆڕۆنای پێش (٤٨) کاتژمێریان پێ بێت.
سێیەم: لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات.
چوارەم: گروپی گەشتیاری دەبێت پیش (٤۸) کاتژمێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆڕۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت.
پێنجەم: پێویسته گشت هاووڵاتیان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە یان وەرنەگرتووه) له هەموو شوێنه گشتیە داخراوه کانی وەك (فەرمانگه حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوینەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنى ماسك و مەودای (١،٥) یەک مەتر ونیو نێوانیان بپارێزن.
شەشەم: له دوای ۲۰۲۲/۲/۱ هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆڕۆنا که (٤٨) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.
دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەیانێک وردەکاری سەرجەم ئەو بڕیارانە ڕادەگەیێنێت.
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا
٤ی کانوونی دوومی ٢٠٢١