لە ساڵی ڕابردوودا، 4 هەزار و 119 ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون

بە پێی ئامارەکانی هاتوچۆی لە ساڵی ڕابردوودا، ٤ هەزار و ١١٩ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون و ٦٦٢ هاووڵاتیش بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.

عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، وتەبێژى گشتیی هاتوچۆی هەرێمى کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆی لە ساڵی ٢٠٢١ دا خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کرد ژمارەی ڕووداوەکان و قوربانیان لەچاو ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، زۆرە.
وتەبێژەکەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 122 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، ئێستا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 961 ئۆتۆمبێل هەزار هەیە، کە ئەمە لەچاو ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووان زۆرە”.
گوتیشی: “لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 70 هەزار مۆڵەتی شوفێری دراوە بە هاووڵاتییان، تائێستا بە گشتی زیاتر لەیەک ملیۆن و 900 هەزار مۆڵەت دراوە”.
عەمید ئەسعەد مەلا کەریم، سەبارەت بە قوربانیانی هاتوچۆ لە ساڵی ڕابردوودا ئامارەکانی ئاشکرا کرد و گوتی؛ “لە ساڵی 2021 زیاتر لە 4 هەزار و 119 ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراوە، لە ئەنجامدا 662 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەست داوە و 7 هەزار و 220 کەسی دیکەش برینداربوونە، بەراورد بە ساڵی 2020 ژمارەکە زیادی کردووە”.
وتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند: “لەماوەی ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن و 850 هەزار سەرپێچی لەلایەن شوفێرانەوە کراوە، داوا دەکەین شوفێران پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، چونکە زیانمەندی یەکەم خۆیانن”.
وتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکانیش باسی لەوە کرد هەڵەی شۆفێران زۆرجار هۆکارە و گوتی؛ هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، سەرەکیترینیان هەڵەی شوفێرانە وەک پێشکەوتنەوە، سووڕانەوە، گۆڕینی ساید، بەکارهێنانی مۆبایل، تیژڕەوی، هەروەها بەشێکی ڕووداوەکانیش بۆ خراپی و تاکسایدی ڕێگاوبانی دەرەوەی شارەکان دەگەڕێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر