بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە؛ خاوەن موڵکێک بە ١٠ چەکدارەوە هەڵی کوتایە سەرمان و تا ئێستاش ڕووبەڕووی یاسا نەکراوەتەوە

دوێنێ، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هێزێکی چەکدار کە ژمارەیان ١٠ کەس بووە، چوونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و سوکایەتییان پێکردوون.

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ کێشەیەک لەسەر زەویی کشتوکاڵی لە گوندی باخەکۆن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەنێوان جووتیارانی گوندەکە و خاوەن موڵکێک بەناوی شازاد کەریم روویداوە، “لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7 بەگوێرەی یاسای ژمارە 90ی چاکسازیی کشتوکاڵی، بەشە زەویی جووتیار و خاوەن موڵک جیاکراوەتەوە، بەڵام خاوەن موڵکەکە ئەو بڕیارە رەتدەکاتەوە”.
ستار مەحموود، گوتی؛ دوای ئەوەی خاوەن موڵک لە چەندین رێگەوە هەوڵیدا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانمان دابنێت و برایەکیشی بۆ هەمان مەبەست هاتە ماڵمان، بەڵام ئەنجامی نەبوو، چونکە داواکانیان بەدەربوو لە یاسا؛ دوای بێئومێدبوونیان لەوەی ئێمە کاری نایاساییان بۆ ئەنجام بدەین، ماوەیەک پێش ئێستا شازاد کەریم بە جلی سەربازییەوە هێزێکی هێنایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، کە ژمارەیان زیاتر لە 10 چەکدار دەبوو، لەنێویاندا دوو ئەفسەر بە پلەی رائید و نەقیب هەبوون؛ ئەوان هاتنە ژووری بەڕێوەبەری گشتی بە مەبەستی سووکایەتی و چاوسوورکردنەوە و گوتیان، دەبێت یاسا لە بەرژەوەندیی ئێمە دۆسییەکە یەکلایی بکاتەوە، ئەگینا ئێمە جووتیارەکان دەکوژین و بەهای خوێنی هەریەکەیان ئەوپەڕی هەزار دۆلارە و ئێمە ئامادەین بیدەین”.
بە گوتەی بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، هەمان هێز دوای چەند رۆژێک “هەڵیانکوتایە سەر گوندەکە و ئازاری جووتیارانیان داوە و هێزەکەش بە ئازادی دەسووڕێنەوە و هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ نەکراوە”.

ھەواڵی زیاتر