شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ كه‌ركووك یه‌خه‌ی كورد به‌رناده‌ن

وەزارەتی دادی عێراق لێژنەیەکی بۆ به‌دواداچوون بۆ زەوی و زار و وەستانی گرێبەستی کشتوکاڵی کورد پێكهێناوه‌ و بڕیاره‌ سێ ئەندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سەردانی کەرکووك بكەن، تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ كێشه‌كه‌ بكه‌ن، بەڵام عەرەبە هاوردەکان چوونەتە دادگای کەرکووك و لەڕێگه‌ی دادگاوە دەیانەوێت زەوی ھاووڵاتییانی كورد داگیربكەن.

مام عارف كه‌ هاووڵاتییه‌كی كورده‌ و حەفتا ساڵی تەمەنی لەگوندی تەرجێل بەڕێ کردووە، عەرەبی هاوردە هاتونەتە سەر زەویەکانی ودەیانەوێت داگیری بکەن، بەڵام ئه‌و تاپۆی رەشی نیشانی هەموو لایەك داوە و ئەو هه‌وڵه‌ی راگرتووه‌.
کێشەی زەوی و زار لە سنووری کەرکووك کۆتایی نەهاتووە، ئەوانەی کوردن و خاوەن زەوی کشتوکاڵین، هێشتا کێشەکانیان لەدادگایە. حاجی محەمەد، كه‌ جووتیارێكی كورده‌ و دانیشتووی ئه‌و گونده‌یه‌، گوتی: چەندین جار عەرەبی هاوردە هاتوونەتە سەر زه‌وییه‌كه‌ی و هه‌وڵی داگیركردنیان داوه‌، بەڵام ئەو ئامادەنەبووە زەویەکانی رادەستیان بكات.
مام شامیلیش كه‌ جووتیارێكی دیكه‌ی ئه‌و گونده‌یه‌، له‌گه‌ڵ سەدان جووتیاری دیکەی سنووری کەرکووك بەهەمان شێوە کێشەی زەوی و زاریان هەیە و کیشەکانیان چارەسەرنەکراوە، ئەوان لەسەر زەوی خۆیانن و عەرەبی هاوردەش لەڕێگه‌ی دادگاوە و بەپاڵپشتی هێزە سەربازیەکان، داوای زەوی کورد دەکەن.