حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە میدیا بە ئاڕاستەیەکی رێک و دروستدا ببات

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ ئه‌وه‌ی میدیا بە ئاراستەیەکی ڕێک و دروستدا بڕوات.

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەمیانی دوایین کۆبوونەوە و ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕەوشی میدیا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

ڕاشیگەیاند: لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا حەمەی حەمەسەعید باسی لەو بارودۆخەی ئێستا کرد کە میدیای کوردی پێیدا تێدەپەڕێت و بە گرینگی زانی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، میدیا لە هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند: پاشان جوتیار عادل ئامانجی کۆبوونەوەکەی باس کرد كه‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە میدیا بە ئاراستەیەکی ڕێک و دروستدا بڕوات کە خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان بکات و پایەکانی سیستەمی دیموکراتی بەهێزتر بکات و دەبێت کاری میدیایی و ڕاگەیاندن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی کاری میدیا پڕۆفیشناڵ بێت کە لە خزمەتگەیاندنی پەیامی پیشەکەدا بێت و دوور لە شێواندنی ڕاستییەکان.

ئاماژە بەوەش درا کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش درا بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی ئاریشەکان و پێشنیار و چارەسەری دۆخەکە.

ھەواڵی زیاتر