وەزارەتی ناوخۆی عێراق: رووداوەکەی بابل تاوانێکە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن رایگەیاند کە رووداوەکەی ناحیەی جیبەلە باکووری پارێزگای بابل، تاوانێکە ھیچ پاساوێک ھەڵنگرێت و ئاماژەی بەوەیش دا کە لە میانی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە تا ئێستا، 14 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
سەعد مەعن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە رووداوەکەی ناوچەی رەشایید سەربە ناحیەی جیبەلە، تاوانێکە و ھیچ پاساوێک ھەڵنگرێت، چونکە ھێزی لەرادەبەدەری تیایدا بەکارھێنراوە.

باسی لەوەش کردووە کە لەسەرەتادا، وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە کە زانیاری وردی تیایدا نەبوو و گوتی: سەرەتا زانیارییەکان بەو شێوەیە بوو کە دوو تیرۆریست لە ماڵی کەسە کوژراوەکە، خۆیان حەشارداوە و ئەو زانیارییانەیش کە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان درابوون، ورد نەبوون.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن راشیگەیاند کە پێویست بوو، بابەتییانە مامەڵە لەگەڵ زانیارییە ھەواڵگرییەکان بکرایە و گوتی: گفتوگۆ لەگەڵ خاوەن ماڵەکەدا کرابوو بۆ ئەوەی خۆیان رادەست بکەن، بەڵام ئەوان رەتیان کردبووە کە خۆیان رادەست بکەن.
لیوا سەعد مەعن ئاشکراشی کردووە کە لەنێو قوربانییەکانی رووداوەکەی جیبەلە، 12 منداڵان ھەن و گوتی: لە میانی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە تا ئێستا، 14تۆمەتبار دەستگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە میانی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی دوو “تۆمەتبار” کە بەپێی ماددەی “چواری تیرۆر” داواکرابوون لە ماڵێکدا لە ناحیەی جیبەلە باکووری پارێزگای بابل، خاوەن ماڵەکە “تەقەی” لە ھێزە ئەمنییەکان کرد.
دواتر ھێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان دا و لە میانیدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و “داواکراوەکان”دا روویدا.
لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و “داواکراوەکان”دا، 20 کەس کە سەربە یەک خێزان بوون، کوژران کە لەنێویاندا شەش منداڵ ھەن.
لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دادگای تێھەڵچوونەوەی پارێزگای بابل لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکە دەست پێ کردووە.
رۆژی ھەینی رابردوو ھەر لەسەر کوژرانی 20کەسەکە لە ناحیەی جیبەلە بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق، عوسمان غانمی بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، لیوا عەلی شممەری لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو، لیوا خالید تورکی دەست نیشان کرا.
 

ھەواڵی زیاتر