ئەمریکا بودجەی ساڵی دارایی 2022ـی پەسند کرد و هاوکاری و پشتیوانیی پێشمەرگەش لە نێو بودجەکە جێی کراوەتەوە.
پێش ئەوەی ساڵی 2021 کۆتایی بێت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بودجەی بەرگریی بۆ ساڵی دارایی پەسند کرد، کە لە ئەمریکا بە NDAA ناسراوە، تێیدا لەو بودجەیە هاوکاری بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دانراوە .
هەموو ئەو بودجەی سەرۆکی ئەمریکا پەسندی کرد 771 ملیار دۆلارە، 260 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دانراوە و 177 ملیۆنیش بۆ دوو هێزی سەر بە ئەمریکا دانراوە، یەکێکیان هێزەکانی سووریای دیموکراتە، لەو بودجەیەشی بۆ پێشمەرگە دانراوە 5 ملیۆن دۆلاری بۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری پومایە کە بۆ پێشمەرگە دابین دەکرێت، ئەوە یەکەم جار دەبێ پێشمەرگە درۆن وەربگرێت، جگە لەوەش ئەمریکا مانگانە 20 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان تەرخان دەکات و ئەو پارەیە راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی پێشمەرگە. کۆی ئەو پارەیەشی لە ساڵی 2022 ـدا بۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە بۆ شەڕی داعش و مووچەی پێشمەرگەیە. بێ هیچ مشتومڕێکیش دانانی ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگە یەکلایی بووەوە، ئاماژەیەکی گرنگی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاشە لە عێراق و بەهێزکردنی پێگەیان پێچەوانەی ویستی هەندێک گرووپی چەکدار کە ناوە ناوە ئاسایشی عیراق تێک دەدەن.
بودجەی سەربازی ئەمریکا لەچاو ساڵی رابردوو ٪5 زیادیکردووە، پێشینەی ئەمریکا رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی سەربازیی چینە، بڕی ٧ ملیار دۆلاریش بۆ ئەو پرسە دانراوە، جگە لەوەش ئەمریکا سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی رووسیاش لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاەستدا .
دابینکردنی بودجە بۆ هاوکاریی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا لەکاتێکدایە جموجۆڵی چەکداران لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە. مانگی رابردوو لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا نامەیەکی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نارد و رایگەیاند: “بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی تیرۆردا، لە نامەکەدا ئۆستن رایگەیاندبوو: “پشتیوانیمان بۆ پێشمەرگە لە رووبەڕوبوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت، هاوکاری ئەمریکا لە بواری راوێژکاری، گۆڕینەوەی زانیاری و هەواڵگری دەبێت، جەختیشی لە پەیوەندی بەهێزی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لە شەڕی دژی داعشدا .
واشنتۆن لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندین کاروانی هاوکاریی سەربازیی بۆ پێشمەرگە ناردووە. لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 4 کاروانی هاوکاریی سەربازیی نارد کە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازیی دیکە لەخۆ دەگرێت، لە مانگەکانی تەمموز و ئەیلولی رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و پێویستیی دیکە درانە پێشمەرگە .
بەردەوامیی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە ئەرکی هێزەکانی لە شەڕکەرەوە بۆ راوێژکاری گۆڕیوە، ئێستا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقن و بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن.