لە ساڵی ٢٠٢١ سەرووی ١٠٧ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی کوردستان کراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە هەرێمی کوردستان هێشتا بۆ گواستنەوەی خەڵک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر پشت بە گواستنەوەی کلاسیک دەبەسترێت و هەر ئەوەش وای کردووە هەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەتی بە پێویستییەکی سەرەکیی گواستنەوە هەژمار بکرێت و داخوازیی زۆری لەسەر بێت.

شەقام و رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبن و هەر شەقامێکی نوێ کە لە کوردستان دروست دەکرێت ئەوا دوای ماوەیەکی کورت لە کردنەوەی شەقامەکە، خێرا لۆدی هاتوچۆی دێتە سەر و جەنجاڵی روو دەدات، بەشێک لەو هۆکارە بۆ نەبوونی سیستمی گشتیی هاتوچۆ لە کوردستان دەگەڕێتەوە.
رەنگە کەم شاری جیهان هەبێت هێندەی هەولێر شەقامەکانی بەرفراوان بێت و لە ماوەیەکی کورتدا بە خێرایی گەشەیان پێ درابێت بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەگەر سەرنجی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە زۆرە بکرێت کە ساڵانە هاوردە دەکرێت، دەبێت لە داهاتووشدا بەشێکی بەرچاو لە بودجەی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانە بێت کە پێوەندییان بە گواستنەوە و هاتوچۆوە هەیە.
بە پێی دواین ئاماری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ سەرووی ١٠٧ هەزار ئۆتۆمبێل لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە کراون، ئەو ژمارە زۆرە کاتێک دەگەنە سەر شەقامەکان قەرەباڵغی دروست دەکەن، بەڵام بەرپرسێکی هاتوچۆ پێی وایە بابەتەکە پێوەندیی بە خستنەڕوو و داخوازیی بازاڕەوە هەیە.
فازڵ حاجی گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، بۆ هەولێر باسی لەوە کرد پرسی هاوردەی ئۆتۆمبێل و هاتنیان بۆ سەر شەقامەکان بەشێکی پێوەندیی بە بازاڕ و ویست و داخوازییەوە هەیە. کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای داخوازی، ئۆتۆمبێل هاوردە دەکەن و تا ئەو داخوازییەش هەبێت ئەوا ناکرێ رێ لە هاوردەیان بگیرێت.
زیاتر خستیەڕوو، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە هاوردە هەرێمی کوردستان دەکرێن، بۆ هەرێمی کوردستان نین، بەڵکوو بەشێکی بەرچاو لەو قەبارەیە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق دەڕوات و بەشێکی کەمی لە ناوخۆ ساغ دەکرێنەوە و تەنانەت ئۆتۆمبێل بۆ وڵاتی دیكەیش لە شێوەی ترانزێت هەناردە دەکرێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی هاتوچۆی هەولێر، لە هەرێمی کوردستان کڕیاری عەرەب و خەڵکی پارێزگاکانی تری عێراق زیاتر لە هەرێمی کودستان ئۆتۆمبێل دەکڕن و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پێوەندیدار بە هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، زۆرینەی بەرچاوی ئەوانەی مامەڵەی ئۆتۆمبێلی نوێ دەکەن عەرەبن، نەک کورد.
جێی باسە پێشتر لە هەرێمی کوردستان هەر ئۆتۆمبێلێک هاتبایە سەر شەقامەکان ئەوا هەندێک رێکار هەبوو بۆ هەڵوەشانەوەی ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن، بەڵام وەک فازڵ حاجی ئاماژەی پێ کرد بابەتی هەڵوشانەوەی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان سەردەمێک بوو کە ژمارەی ئۆتۆمبێلی خراپ زۆر بوون و بەهۆی ئەو پلانەش شەقامەکان لە ئۆتۆمبێلی کۆن و خراپ پاک کرانەوە.
ئەو پێی وایە ئێستا زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان نوێن و بەشی هەرە زۆریان مۆدێلەکانیان سەرووی ٢٠١٠ـەن و ناکرێت ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە شەقام بکشێنەوە.
پێویستە بگوترێت یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بەردەوام بەرزبوونی داخوازی لەسەر ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا سیستمی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان پێش نەکەوتووە و خەڵک بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان دەچنە دەوام و، ئەگەر خێزانێک سێ کەس بێتو هەر سێکیان لە شوێنی جیاواز فەرمانبەر بن و تەنانەت دوو ئۆتۆمبێلیشیان هەبێت، کێشەی گواستنەوەیان هەیە و بیر لە کڕینی ئۆتۆمبێلێکی تر دەکەنەوە.
لانی کەم بۆ هەولێری پایتەخت ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە شەقامەکان بە هێڵی ترام و پاسی پێشکەوتوو بەیەکتر گرێ بدرێن و شێوازی کلاسیکی گواستنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی شارەوە بۆ ناوشار کۆتایی پێبێت و گەڕەک و کۆمەڵگە جیاوازەکان بە سیستمی پێشکەوتوی گواستنەوە بە یەکتر گرێ بدرێن.
کۆی ژمارە ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگایەکی وەک هەولێر نزیکەی یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلە و ئەگەر بەسەر دانیشتوانی پارێزگاکە دابەش بکرێت ئەوا بە هەردوو کەس ئۆتۆمبێلێکان بەر دەکەوێت.
هەبوونی سیستمی پێشکەوتوی گواستنەوە دەبێتە هۆی پاراستنی سامانی گشتی و کەمتر بەکارهێنانی وزە و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر