١٤٧ هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان١٤٧ هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەستەی گەشتوگوزار، ڕێژەی هاتنی گەشتیارانی ساڵی ڕابردووی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە زیاتر لە 4 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و، زۆرترین گەشتیاریش هاتوونەتە هەولێر؛ چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەکە بەرزتر ببێتەوە، کە تەنیا بۆ سەری ساڵ نزیکەی 147 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ڕێژەی گەشتیار لە هەردوو ساڵانی 2019 و 2020 گەیشتەیەک ملیۆن و 860 هەزار و 236 گەشتیار، بەڵام لە ساڵی 2021 ـدا کە پەتاکە هێواشتر بوو و جارێکی دیکە ژیان بەرەو ئاساییبوون ڕۆیشتەوە، ژمارەی گەشتیارانیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، كە تێیدا هاتووە “لە تەواوی ساڵی 2021 ـدا زیاتر لە 4 ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و، زۆرینەیان لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە هاتوون.”
لەڕاگەیانراوەکەدا ژمارەی گەشتیارانی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردۆتەوە و هەولێر لە پلەی یەکەمی سەردانی گەشتیاراندا هاتووە بە ڕێژەی 48%، کە ملیۆنێک و 975 هەزار کەس سەردانی پایتەختیان کردووە.
ئەوەشی خستۆتە ڕوو “پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە پلەی دووەمدان و ڕێژەی 34% گەشتیاران سەردانیان کردووە کە ژمارەیان ملیۆنێک و 375 هەزار گەشتیار بوون.”
دەستەی گەشتوگوزار هەروەها ئاماژەی بە ژمارەی گەشتیاران لە پارێزگای دهۆکیشدا کردووە کە لەڕیزبەندی سێیەمدایە، بەڕێژەی 18% گەشتیاران سەردانیان کردووە کە ژمارەیان 754 هەزار گەشتیارە.
لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بۆ بایەخدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری و پلانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەولێر بۆ گەشتیارانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دانراوە، چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاتریش هەڵبکشێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە سەرتاسەری کوردستان دەدات، لەو ڕوانگەیەوە لە فەرمانێکی وەزاریدا گوژمەی پتر لە 418 ملیۆن دینار بۆ کەرتی گەشتوگوزاری سلێمانی خەرج کرا.
د. خەیری عەلی ئوسۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، لە پڕێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: “ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیان کردووە و ٩٠٠ بنکەی گەشتیارییش لە سنووری دهۆک هەن، کە لەو ژمارەیە ٢٥٠ بنکەی سرووشتین، تەنیا ساڵی ڕابردوو لە دهۆک ٦٠ بنکەی گەشتیاریی نوێ کراونەتەوە”.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، دەشڵێت: “پلانی درێژخایەنی گەشتیاریی دهۆک هەیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، بڕیارە دوای پەسەندکردنی پلانی ١٠ ساڵە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکەوە بەرز بکرێتەوە بۆ حکوومەت”.
ئوسۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “گەشتوگوزاری دهۆک پلانی هەیە بۆ ئەمساڵ، لەوانەش کردنەوەی چەند هۆتێلێکی بەنێوبانگ لە دهۆک و ئامێدی، هەروەها بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی بکرێنەوە، لەوانەش تەلەفریکی چیای گارە، هەروەها مەشق و ڕاهێنان بە دەرچووانی بەشە گەشتیارییەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت، کۆنفڕانسی دووەمی گەشتیارییش ئەمساڵە کاری لەسەر دەکرێت، چونکە کۆنفڕانسی ساڵی ڕابردوو سوودی زۆری هەبووە”.
نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە هەولێرـی گوت: “بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی 2022 و گەشتکردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لە ماوەی 7 ڕۆژ، واتا لە 25ی مانگ تاکو 31/12/2021، نزیکەی 147 هەزار گەشتیار هاتووتەنە هەرێمی کوردستان”.
گوتیشی: “لەم ماوەیەدا هاتنی گەشتیاران بۆ شارەکانی کوردستان بەمشێوەیە بووە، 76 هەزار و 550 گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە، هەروەها 31 هەزار و 614 گەشتیار ڕوویان کردووەتە پارێزگای سلێمانی و 38 هەزار و 734 گەشتیاریش چوونەتە پارێزگای دهۆک، کە کۆی گشتی 146 هەزار و 898 گەشتیار بووە، زۆربەی گەشتیارەکانیش لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون”.