دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی کەرکووک-گەرمیان:حکوومەتی عێراق ڕێگە نادات کەلوپەلی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابین بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێ، لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە و هێشتا کار بە بڕیارەکانی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس دەکرێت، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک ناوەکانی سەردەمی بەعس بۆ پردێ و دوبز دەگەڕێنێتەوە. دەشڵێ، حکوومەتی عێراق ڕێگە نادات کەلوپەلی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابین بکرێت.

  • پێشبینیت بۆ بارودۆخی عێراق چییە؟
  • حکوومەتی عێراق لەسەروبەندی پێکهێنانە، بەبۆچوونی من پێکهێنانی حکوومەت کاتێکی زۆری دەوێت و لە ماوە دەستووریەکەدا زۆر زەحمەتە حکوومەت پێک بێت، هەوڵدان هەیە کە چارەسەری کێشەکان بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن زەحمەتە بێنە پێشەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دەگەڕێینەوە کەرکووک و بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە و کاری خۆمان دەکەین، هەوڵ دەدەین خەڵکی خۆمان و ناوچەکە لە تیرۆر و داعش بپارێزین.
  • ئێستا بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان چۆنە؟
  • ئێستا بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە، داعش ڕۆژبەرۆژ بەهێزتر دەبێتەوە، پەرە دەسێنێت، زیاتر لە ناوچە کوردستانییەکانە، خەڵکێک هەیە کار ئاسانی بۆ داعش دەکات، ئەوەش بە مەبەستە، بۆ ئەوەی لە کورد بدرێت، لە شوێنی خۆیان دەر بکرێن، گوندەکان چۆڵ ببن، بۆ ئەوەی عەرەب تێدا نیشتەجێ ببێ و کوردی لێ نەمێنێت.
  • بۆچی تا ئێستا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەعریب هەر بەردەوامە؟
  • هاوردەکردنی عەرەب بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ناوچەکانی کەرکووک بەردەوامە، هەندێک لایەن دەستوور پێشێل دەکەن، دەبێت جیلێکی تازە لە عێراق پێ بگات قبوول بکات کە پێکەوەژیان هەبێت، دەبێت ئەو خۆ بە گەورەتر نەزانێت لە من، وا حساب بکات کە ئێمە دوو نەتەوەین پێکەوە لە عێراق دەژین ئەوەی هەمانە بۆ هەموومانە، بەڵام ئەو عەقلیەتەی ئێستا هەیە ناخوێنێتەوە، لە بەغدا هەڕەشە لە سەرۆک وەزیران دەکرێت، کەواتە تا ئەو میلیشانە هەبن، تا ئەو هێزە بێنیزامانە هەبن نابێت چاوەڕوانی شتی باش لە عێراق بکەین و ئەمن و ئەمان بەخۆیەوە نابینێت.
  • تا چەند پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان؟
  • چەند ئاو و هەوا پێویستە بۆ ژیان، ئەوەندە پێشمەرگە پێویستە بۆ ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بگەڕێتەوە، ئەگەر دوو لیوا پێک بهێنرێن و بچنە سنوورەکان کاریگەری باشیان دەبێت، چونکە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، بارودۆخی ئەو ناوچانە دەکوڵێت، کێشە و گرفتەکان ئەوەندە زۆر دەبن کە ڕەنگە چارەسەرکردنیان زەحمەت بێت.
  • دۆخی کەرکووک چۆنە؟ دژایەتی کردنی کورد بەردەوامە؟
  • لە کەرکووک تا ئێستاش بەعس حوکم دەکات ڕەفتارەکانی ڕاکان جبوری، تا ئێستا ڕەفتاری بەعسە، هەر بەعسیەکەی جارانە، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک ناوەکانی سەردەمی بەعس بۆ پردێ و دوبزی گەڕاندەوە و ناوەکانی ئەو شوێنانە دەکاتەوە بە عەرەبی”.
  • بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چی ڕوو دەدات؟
  • بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بارودۆخی عێراق خراپتر دەبێت، داعش بەهێزتر دەبێت، لایەنە شیعەکان لە نێوان خۆیان ڕێک ناکەون، بەڵام هاوپەیمانان لەرووی لۆژیکی و چاودێری و زانیارییەکانەوە هاوکاری هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە دەبن، بۆ ئەوەی داعش لەوە زیاتر پەڕە نەسێنێت.
  • پێت وا نییە پێشمەرگە پێویستی بە پێداویستی زیاترە، بۆ ئەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی هەبێت؟
  • بێگومان پێویستی بە پێداویستی زیاترە، بەڵام ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو شۆفینیەتەیە، چونکە بەپێی دەستووری عێراقی هێزی پێشمەرگە، هێزێکی نیشتمانییە، پارێزەری خاکی کوردستانە، پارێزەری سنوورەکانە، بەڵام بەداخەوە هێزی پێشمەرگە هیچ شتێکی بۆ دابین نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوایە وەکو هێزە عێراقییەکان کەلوپەلی سەربازیان بۆ دابین کرابایە، بەڵام هیچ شتێکی بۆ دابین نەکراوە، تەنانەت فیشەکێکیشی پێ نادەن، بۆیە ئەوان نایانەوێت پێشمەرگە چەک و پێداویستیی سەربازی هەبێت، دەبێت حکوومەتی هەرێم بەخۆی هەوڵ بدات لەگەڵ هاوپەیمانەکان چەک و پێداویستیی سەربازی پەیدا بکات، ئەگەرنا بە تەمای عێراق بینیەک فیشەکمان پێ نادەن”.