بنكەی سەربازی توركیا لە زێلكان موشەكباران كرا

ئه‌مشه‌و و كه‌مێك پێش ئێستا ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی سوپای توركیا كه‌ له‌ ناوچه‌ی زێلكانه‌، به‌ مووشه‌ك هێرش كرایه‌ سه‌ری.

به‌پێی زانیارییەکان ئه‌مشه‌و كاتژمێر 10:48 خوله‌ك به‌ زیاتر له‌ 5 مووشه‌ك هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی سوپای توركیا له‌ شاره‌دێی زێلكان له‌ شارۆچكه‌ی به‌عشیقه‌ له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا.

لای خۆشییه‌وه‌ به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌هه‌تێ، هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر سه‌ربازگه‌ی سوپای توركیا له‌ زێلكان پشتڕاستكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ به‌ زیاتر له‌ 5 مووشه‌ك ئه‌نجامدراوه‌ و دوو له‌ مووشه‌كانه‌ش له‌ گوندی مه‌حموودان كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سنووری شارۆچكه‌ی شێخان ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان كردووه‌ و تا ئێستاش هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان ڕانه‌گه‌یاندووه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردووش به‌هه‌مانشێوه‌ به‌ مووشه‌ك هێرشكرابووه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌، ئه‌و كاتیش زیانی گیانی لێ نه‌كه‌وتبووه‌وه‌.

بنكه‌كه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌ دروستكراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ شاره‌دێی زێلكان له‌ شارۆچكه‌ی به‌عشیقه‌ له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا.

جێی باسه‌ لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەمە شه‌شه‌مجاره‌‌ لەلایەن میلیشیاکانەوە به‌ مووشه‌ك هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌م سەربازگه‌یه‌ی سوپای توركیا، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هێرشانه‌ش چەند هاووڵاتییه‌كی سڤیل بوونه‌ته‌ قوربانی و هەروەها زیانی ماددی زۆریش بەر ژماره‌یه‌ك له‌ خانووی هاووڵاتییان له ‌نزیك سه‌ربازگه‌كه کەوتووه‌ته‌وه‌.