جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران:9ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆ دەبێتەوە

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت: “گفتوگۆ لە نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەستی پێکردووە و هەرێمی کوردستانیش رۆڵێکی گەورەی لە یەکلاکردنەوەی کێشەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبێت و بەبێ کورد حکوومەت پێک نایەت. دەشڵێ، پێویستە کورد بە هێزەوە بچێتەوە بەغدا، لەبەر ئەوەی ئەگەر بە پەرتەوازەی و بە تەنیا هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، بێگومان نەک دەستکەوتی تازە بە دەست ناهێنین، بەڵکو دەستکەوتەکانی رابردووش لە دەست دەدەین.

بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە 73 کورسییەوە بووەتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە 31 کورسییەوە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە، هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، دەوڵەتی یاسا 33 کورسی، هاوپەیمانیی فەتح 17 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسی و هاوپەیمانی عەزم 14 کورسییان بەدەست هێنا.

  • بارودۆخی عێراق لە دوای دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان چۆن دەبینی؟
  • هێزەکانی ئەمریکا، عێراق و ناوچەکە بە تەواوەتی بەجێ ناهێڵن، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەوان، هەروەها بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکەش وا دەخوازێت کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە بمێننەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق هێزە شەڕکەرەکە نامێنێت، ئەوەی کە دەمێنێتەوە هێزی راهێنان و راوێژپێکردنە، بۆیە دەکرێت ژمارەیەک لەو هێزانە لە ناوچەکە بمێننەوە، بۆیە تەنیا ناونیشانەکەیان دەگۆڕێت لە شەڕکەرەوە بۆ راهێنان، هێشتا عێراق پێویستی بەو هێزانە هەیە، چونکە هێشتا هێزەکانی عێراق لەو ئاستەدا نین کە بتوانن ئەمنیەت و سەروەری عێراق بپارێزن، بۆیە دەرچوونیان لەناوچەکە خەتەرێکی گەورەیە لەوانەیە توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، هەر ئێستا دەبیینن گروپە تیرۆریستییەکان چۆن دەستیان بە جموجۆلەکانی خۆیان کردۆتەوە، بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا جموجۆڵەکانیان زیاتر دەبن.
  • پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێتوایە لەو ماوەی کە دیاریکراوە پەرلەمان کۆ ببێتەوە؟
  • پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، ماوە دەستوورییەکان دەست پێ دەکەن، پەرلەمان دەبێت لەو ماوەی کە دیاریکراوە کۆ ببێتەوە، ئەوە ماوەیەکی دەستوورییە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا لە رۆژی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان سەرکۆمار رۆژێک دیاری بکات، بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، 9ی ئەم مانگە دیاری کراوە، پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و پەرلەمانتاران سوێندی یاسای دەخۆن و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و دواتریش سەرکۆمار، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا بێت، ئەوە بەپێی دەستوورە، لەوانەیە لە پێکهێنانی سەرۆکوەزیران هەندێک کێشە بێتە پێشەوە، لە دەست نیشانکردنی گەورەترین کوتلە، ئایا کامە گەورەترین کوتلەیە، ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکان زۆرترین کورسی بەدەست هێناوە، یان لەناو پەرلەمان هاوپەیمانی دروست دەکرێت، ئەمە رەنگە بە بڕیاڕی دادگای ئیتحادی یەکلا بکرێتەوە، ئەو کەسەی رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئەگەر توانیی لە ماوەی مانگێکدا حکوومەت پێک بهێنێت، باشە ئەگەرنا دەبێت کەسێکی دیکە دەست نیشان بکرێت، بۆیە پێم وایە پێکهێنانی حکوومەت کەمێک زەحمەت دەبێت و کاتی تری پێویستە.
  • تا چەند پێویستە حکوومەت زوو پێک بێت؟
  • هەر دواکەوتنێک لە پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندی عێراق نییە، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیش نییە، بۆیە ئێستا خەڵک چاوەڕێی ئەوەیە حکوومەتێکی بەهێز و بە توانا پێک بێت، کە بتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، خزمەتگوزاری سەرەتایی پێشکەش بە خەڵک بکات، دۆسیەی گەندەڵی بجووڵێنێت و گەندەڵکاران بداتە دادگا و داواکاری خۆپیشاندەران ئەگەر هەمووشی نە بەشێکیان جێبەجێ بکات، ئەوەش پێویستی بە حکوومەتێکی بەهێز و بەتوانا هەیە، بۆیە دەبێت حکوومەت زوو پێک بێت، چونکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت لە زەرەر و زیانی عێراقە، لەوانەیە کێشەکان قوولتر ببنەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە توندوتیژیی لێ بکەوێتەوە، بۆیە داوا دەکەین لایەنی شیعە لە نێو خۆیان رێک بکەون، چونکە سەرۆکی حکوومەت لە پشکی ئەوانە، بۆیە پێویست دەکات خۆیان رێک بخەنەوە، ئێستا هەڵوێستی کورد، سوننە، زۆر باشە، هەڵوێستێکی هاوسەنگە، چاوەڕێی نێو ماڵی شیعە دەکەن، پاشان بڕیاری خۆیان دەدەن، پێموانیە کورد و سوننە بچنە بەرەیەکی شیعە، دژی بەرەیەکی دیکە.
  • هۆکاری سەردانی لایەنە عێراقییەکان بۆ لای سەرۆک بارزانی؟
  • بێگومان ئەوە نیشانەیەکی حاشا هەڵنەگرە، لەسەر رۆڵی گەورە و گرنگی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بە گشتی، لە پێکهێنانی حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی دوای ساڵی 2003، بۆیە کورد بە گشتی و سەرۆک بارزانی بە تایبەتی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە لێک نزیککردنەوەی لایەنە شیعەکان، دانیشتنیان لەسەر یەک مێز، لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، رۆڵی گرنگی سەرۆک بارزانی نیشان دەدات، ئۆمێد دەکەین لایەنەکانی خۆشمان لەناو هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە لەسەر یەک مێز دابنیشن و سەرۆک بارزانی ببێت بە نزیککەرەوەی هەموو لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو ماڵی کورد، تا بە هێزەوە و بە یەک دەنگ و یەک گوتارەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین.
  • لەم خولەدا کورد دەبێت چۆن بچێتەوە بەغدا؟
  • پێویستە کورد بەهێزەوە بچێتە بەغدا، لەبەر ئەوەی ئەگەر بە پەرتەوازەی و بە تەنیای هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، بێگومان نەک دەستکەوتی تازە بە دەست ناهێنین، بەڵکو دەستکەوتەکانی رابردووش لە دەست دەدەین، بۆیە پێویست دەکات، کورد بەهێزەوە روو لە بەغدا بکات، داوای ئەو مافە دەستوورییانە بکات کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، ئەگەر بە یەکگرتووی و یەکهەڵوێستی بچنە بەغدا بە سوودی خەڵکی کوردستان دەبێت، بۆیە پێویست دەکات پێش ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین، نێو ماڵی خۆمان رێک بخەینەوە و یەک هەڵوێست بین، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە زۆر گرنگە ئەم دوو لایەنە لێک نزیک بن و یەک هەڵوێست بن، چونکە هەر کاتێک ئەو دوو لایەنە لە یەک نزیک بن، هەرێمی کوردستان بەهێز تر بووە و توانیویانە دەستکەوتی باش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنن”.