لە رووی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان ساڵێکی باشی بەڕێ کرد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ساڵی ٢٠٢١ بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆتایی هات و ساڵێکی نوێی زایینی دەستی پێ کردووە. ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە ساڵی ٢٠٢١ لە ساڵەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە ئەوەیە لەو ساڵەدا دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان باشتر بوو و ئەو هیوایە دووبارە زیندوو بۆتەوە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پێش قەیرانی دارایی لێ بێتەوە و بازاڕەکان زیاتر بگەشێنەوە و خۆشگوزەرانیی زیاتر بەدی بهێنرێت.

وەک ئاشکرایە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بوو و لە لایەن بەغداوە گەمارۆی دارایی خرایە سەر، دواتر هێرشی تیرۆریستی داعشی بەسەردا هات و بەهۆیەوە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد. لە هەرێمی کودستان دۆخێکی نوێ هاتە کایەوە کە کاریگەریی خراپی لەسەر زۆربەی کەرتەکان بە تایبەتی کەرتی ئابووری و دارایی هەبوو.
لەم چەند ساڵەدا خەڵک لە روی ئابوورییەوە لە دوو رەهەندەوە زیانیان بەر کەوت، یەکەمیان ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٦رێکاری پاشەکەوتکردنی مووچە هاتە کایەوە بەهۆی ئەوەی کە حکوومەت نەیدەتوانی مانگانە مووچە بە تەواوی دابەش بکات و داهاتەکە بەشی خەرجییەکانی نەدەکرد.
ئەو دۆخە ساڵانە لە هەوراز و نشێودا بووە و هەندێک جار کەمێک باشتر بووە، هەندێک جاریش خراپتر بووە بەڵام ئەوەی لەم شەش تا حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر جێی سەرنج بووە و ساڵەکە لە ساڵەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، ساڵی ٢٠٢١ بوو کە چەند رۆژە کۆتایی پێ هاتووە.
لەم ساڵەدا، مووچەی فەرمانبەران بە بێ لێبڕین دابەش کراوە و هەموو مانگێک لە ٢٥ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و مووچەخۆران مووچەکانی خۆیان بە بێ لێبڕین وەرگرتووە.
ئاساییبوونەوەی دۆخی دارایی لە رووی مووچە وای کردووە بازاڕەکانیش گەشەی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن و ئەو متمانەیەش بۆ وەبەرهێنەران بێتەکایەوە بێ دوودڵی دەست بە وەبەرهێنان بکەن.
هەفتەی رابردوو دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵێکی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد و دەرەنجامەکەی ئەو راستییە دەسەلمێنێت.
بە پێی ئامارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ مۆڵەتیان بە ٦٨ پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار داوە و ٩٠٢ پرۆژەش لە هەموو هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار پەسند کراون. جگە لەمە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پلانیان هەیە نۆ ناوچەی پیشەسازیی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەکە خۆی دانی بەوە ناوە کە ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی پڕ لە وەبەرهێنان بووە لە کوردستان و لە حەوت ساڵی رابردوودا، بە دووەم ساڵ دێت لە رووی قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەیەکی تری گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان و باشبوونی دۆخی بازاڕەکان بۆ بەرزبوونەوەی ئاماری هەناردە و هاوردە لە کوردستان دەگەڕێتەوە.
تا دۆخی دارایی لە هەرێمی کوردستان جێگیرتر بێت ئەوا، ئابورییەکەشی سەقامگیرتر دەبێت، لە ساڵی ٢٠٢١، سەرووی شەش ملیار دۆلار شتومەک لە وڵاتانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون. بۆ نموونە تەنیا لە ئۆتۆمبێلدا سەرووی ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە کە هێمایەکی ترە بۆ باشبوونی دۆخی ئابوری هەرێم و باشتربوونی باری دارایی خەڵکەکەی.
بە پێی ئاماری ساڵانەی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستانیش، لە ساڵی ٢٠٢١ چوار هەزار و ٨٧٤ مۆڵەت وەرگیراوە بە بەهای شەش ملیار و ٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەوەی شتومەک لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە بکەن.
جگە لە گەشەی هاوردە، کەرتی هەناردەش خەریکە لە هەرێمی کوردستان گەشە دەکات، لە سەرجەم دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ٢٠٩ مۆڵەت بە بازرگانان دراوە بۆ ئەوەی شتومەک بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە بکەن. هەنار، چیمەنتۆ، نانی تیری، ئاوی خواردنەوە، هەنگوین، سفرەی سەفەری، دەرمان و رۆنی ئۆتۆمبێل بەشێکن لەو بەرهەمانەی لەم ساڵەدا لە کوردستانەوە هەناردەی وڵاتان کراوە.
پێوەندییەکانی هەرێی کوردستان و بەغدا لەو ساڵەدا باشتر بوون و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا کە پێوەندیدار بوو بە بودجە، لێکتێگەیشتنیان هەبووە هەرچەندە هەندێک مانگ ٢٠٠ ملیارەکەی مووچەی فەرمانبەران کەمێک دوا خراوە.
ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتێکدا دەستی پێ کردووە کە لایەنە سیاسیەکانی عێراق دوای پەسندکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵی لەگەڵ، یەکتر کەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی عێراق دابمەزرێنن.
گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان و سەقامگیری لە سەرجەم بارەکان بەوە گرێ دراوە ناو ماڵی کورد تۆکمەتر بێت و بە یەکدەنگی لە دانوستانەکانی بەغدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢یش لە ساڵی ٢٠٢١ و ساڵانی پێشتر باشتر بکەن و ژیانێکی خۆشتر بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بێت.

ھەواڵی زیاتر