گەڕەكی كوردنیش خزمەتگوزاریی لێ نییە

كارزان گلی – هه‌ولێر

خورماتوو، ئەو شارۆچكەیەی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، گەڕەكە كوردییەكان، رۆژێك بە دەست حەشدی شەعبییەوە و رۆژێك بە دەست بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. بە گوێرەی زانیارییەكان، گەڕەكە كوردنشینەكانی خورماتوو، هیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە.

لە خورماتوو، گەڕەكە كوردنشینەكان بێ خزمەتگوزارییە، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتیان نیگەران بن و ژیان لە لایان ئەستەم بێت.
بەپێچەوانەوە، لەگەڕەكە توركمانەكان، كە شیعەمەزهەبن، گەڕەكەكان قیرتاو دەكرێت و خزمەتگوزاریی بۆ دەچێت و هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكانەش دڵخۆشن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی عەلائەدین مراد، كە دانیشتووی یەكێك لە گەرەكە كوردنشینەكانی خورماتووە، حكوومەت بە ئەنقەست هیچ كارێك بۆ گەڕەكە كوردنشینەكان ناكات، كاتێك داوای خزمەتگوزاری دەكەین گاڵتەمان پێ دەكەن.
ئەو دەڵێت: ”باشە ئەگەر ئەوان هیچ جیاوازییەك لە نێوان گەڕەكە كوردی و توركمانەكان و عەرەب ناكەن، بۆچی تەنیا گەڕەكە كوردییەكان خزمەتگوزاری نییە؟ بڕۆ سەیری گەڕەكە توركمانی و عەرەبەكان بكە، كۆڵان و جادەكانیان قیرتاو دەكرێت و هی ئێمەش لەناو قوڕ و لیتاودایە“
باسی لەوەش كرد، ئەگەر لە گەڕەكێكی كوردی، بتەوێت بچێتە گەڕەكێكی كوردی تر، هەموو گیانت دەبێتە قووڕ و لیتە، سەیارەكەشت وێران دەبێت ئەوەندە تاسەی تێدایە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ”هەولێر“. بە هۆی ئەوەی كورد لە خورماتوو هیچی بەدەستەوە نەماوە، بۆیە كاتێك پڕۆژەیەك بۆ خورماتوو دێتە بواری جێبەجێ كردن، یەكسەر بۆ گەڕەكی توركمانییە و كورد هەر حیسابی بۆ ناكرێت.
بۆیە شەونم، كە قوتابی پۆلی چوارەمی دواناوەندییە لە خورماتوو، پێیوایە ئەمەی ئەوان ئێستا باجەكەی دەدەن، خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بووە، چونكە دوای ئەو بەروارە كورد فەرامۆش كرا و هیچ حیسابێكی بۆ ناكرێت.
شەونم، ئاماژە دەدات، بەر لە ١٦ی ئۆكتۆبەریش، بەرپرسانی كورد لەو شارۆچكەیە هیچ پڕۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزارییان بۆ شارەكە نەكرد، بەڵام بوونی كورد باشتر بوو لەوەی شەڕیان پێمان نەدەفرۆشتن و بە ترسەوە نەدەخەوتین.
گوتیشی: ”هیچ شوێنێك نییە تا ئێمە سكاڵای بۆ ببەین و بڵێین گەڕەكەكانی ئێمە خزمەت ناكرێت، بۆیە لەو نێوەندەدا تەنیا دادەنیشین و خەفەت دەخوێن، چونكە هیچمان لە دەست نایەت و كەس نییە بە پیل داواكانمانەوە بێت. داوا دەكەین بەرپرسانی كورد لە بەغدا، خەمێك لەو خەڵكەی خورماتوو بخۆن، مەبەستم گەڕەكە كوردنشینەكانە“.

ھەواڵی زیاتر