ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی پارێزگارى هەولێرەوە

نووسینگەی پارێزگارى هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی هاوڵاتییان دەکات کە لە شەوی سەری ساڵی نوێ هاوکار و هەماهەنگبوون، یادەکە بێ هیچ کێشە و گیروگرفتێک بەڕێکرا.

ئەمڕۆ شەممە 1/1/2022، نووسینگەی پارێزگارى هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “وێڕای دەستخۆشی لەهێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی) بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى ئەو شوێنە گشتیی و جێگایانەی كە هاوڵاتییانی شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێکردبوو، دەستخۆشیمان بۆ تیمەکانى تەندروستیى کە لە ئامادەباشى تەواو دابوون بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتییان”.

هەروەها نووسینگەی پارێزگارى هەولێر سوپاسی تیمەکانی شارەوانى و فەرمانگەی ژینگەپارێزی دەکات کە ئەمڕۆ بەیانی تەواوی ئەو شوێنە گشتیانەی شار کە بەهۆی پاشماوەو زبڵ و خاشاکی شەوی ڕابردوو پیس ببوون پاککرانەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو: “سوپاس بۆ هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان هەولێری پایتەخت کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و لەشەوى سەرى ساڵى نوێ هیچ کێشە و گرفتێکى ئەوتۆ ڕووی نەدا و بەوپەڕى ئارامى ئەو یادە بەرێکرا”.

ھەواڵی زیاتر