وهزارهتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی شەهیدانی 1ی شوبات پهیامێكی بڵاوكردهوه و تێیدا جەختی لە یەکخستنى هەوڵەکان بۆ دژایەتى فیکرى تیرۆر و بەرانگاربوونەوەى تیرۆریستان كردهوه.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: 18 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژى 1ى شوباتى ساڵى 2004 تیرۆریستان لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان (103) بەرپرسى حکوومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و هاووڵاتییان شەهید کرد و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون.
ڕاشیگەیاند: ئەگەرچى تیرۆریستان بەو کارەیان ئامانجیان تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشییەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانییەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەمساڵیش کە یادى شەهیدانى ئەو کارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لە یەکخستنى هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ دژایەتى فیکرى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد “هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتر بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکێتى ڕیزەکانى گەلەکەمان بێت، ئێمەش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، بیرەوەرى شەهیدان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەک هەمیشە لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ خزمەتکردنى کەسوکارى شەهیدان”.