فازڵ میرانی: لەگەڵ یەکخستنی نێوماڵی شیعە و سوننە دەبێت خۆشمان پێکبێینەوە

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، ئەمڕۆ لە عێراق هەمووان چاویان لە سەرۆک بارزانییە و کلیلی چارەسەری کێشەکانی عێراق لە دەستی ئەودایە. باس لەوەش دەکات، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی چووە نەجەف بۆئەوەی نێوماڵی شیعە یەکبخات، بەڵام دەبێت خۆشمان پێکبێینەوە. رۆژی دووشەممە 31-01-2022، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا گوتارێکی پێشکەشکرد؛ فازل میرانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە یەکخستنی لایەنە عێراقییەکان کرد و رایگەیاند: “ئەمڕۆ دیسان چاوی هەموویان لە سەرۆک مەسعود بارزانییە؛ ئێستا ئەو دەبێت لە عێراق کلیلی دەرگاکان بکاتەوە”. فازڵ میرانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف و کۆبوونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کرد و گوتی: “ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی چووە نەجەف و ئینشاڵڵا بە سەلامەتی و سەرکەوتوویی بێتەوە؛ ئێمە لەگەڵ جیابوونەوەی برا شیعەکان و سوننەکانیش نین؛ سوننەکانمان پێکهێنان. بەڵام باشە خۆشمان پێکبێینەوە، چونکە ناکرێت دکتۆر چارەسەری نەخۆش بکات و خۆشی نەخۆش بێت. نەخۆشیی کوردیش دەبێت ئێمە چارەسەری بکەین”. لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نەجەف، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: “ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی کاک نێچیرڤان چووە نەجەف بۆ ئەوەی پرسی نێو ماڵی شیعە چارەسەر بکات”.  فازل میرانی گوتی، ئەگەر ئەم هەوڵە سەرکەوتوو بوو، ئەوا کارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەگەریش رازی نەبوو، ئەو کاتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەزانن کە سەرۆک بارزانی هەوڵی تەواوی دا و نێچیرڤان بارزانی ناردە لای موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە یەکبخات.  سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقیش کرد و گوتی: “عێراق سەقامگیر بێت بۆ ئێمە باشە”.  ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی چووە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر. هاوکات شاندێکی سوننەکانیش کە پێکهاتبوو لە محەممەد حەلبووسی و خەمیس جەنجەر چوونە نەجەف و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبوونەوە.