عێراقییه‌كان پێشوازی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن

گه‌ڵاڵه‌ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ ئاستی شه‌قامی عه‌ره‌بییدا پێشوازییه‌كی فراوانی لێكرا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی “سیاده‌” رایگه‌یاند، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ سه‌قامگیری عێراق و نه‌هێشتنی ئاژاوه‌.

له‌ تویتێكدا، خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی “سیاده‌” جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی كردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: گه‌ڵاڵه‌كه‌ی حه‌نانه‌ هه‌نگاوێكه‌ له‌سه‌ر  رێگه‌ی سه‌قامگیری عێراق و نه‌هێشتنی ئاژاوه‌ و سه‌ركه‌وتنی زمانی گفتوگۆ.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئێمه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌مان جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونمان به‌ بژارده‌ نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: ئامانجیان روونه‌ و ده‌یانه‌وێت  حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانی به‌ توانا پێكبهێنن، كه‌ بتوانێت ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بدات و خزمه‌تی خه‌ڵك بكات.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، “لەپێناو چارەسەری گرفتەكان و رەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو. لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیازم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان راوێژ بكەن”.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، “هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت”.

دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گه‌یشتنه‌ نه‌جه‌ف، بۆ دیداری موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی و محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، موقته‌دا سه‌در په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، “ره‌وته‌كه‌ی سووره‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی”.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: “پێشوازی لە دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی ده‌کەین و خه‌ریكی پێكهێنانی حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانین”.

هه‌ر له‌ كاردانه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا، ئه‌مڕۆ عزه‌ت شابه‌نده‌ر، كه‌سایه‌تی سیاسی سه‌ربه‌خۆی عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، پشتیوانی بۆ سه‌رخستنی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌ربڕیوه‌ و نووسیویه‌تی: ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌نگاوێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی راستی نیشتمانیدا و له‌ ئاستی شه‌قامی عێراقیدا پێشوازی و پشتیوانی لێده‌كرێت.