زانیاری نوێ له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022، سه‌رۆك بارزانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نوێی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان خسته‌ڕوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراقی له‌ باره‌گای بارزانی، باس له‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانه‌.

عه‌ره‌فات كه‌ره‌م له‌ تویته‌ری خۆیه‌وه‌ی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی هۆشیار زێباری له‌ كاندیدبوون بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا نییه‌ و هیچ قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، هۆشیار زێباری به‌هێزترین كاندیده‌ و ده‌نگی پێویست بۆ بوونی به‌ سه‌رۆك كۆمار مسۆگه‌ر كراوه‌.