ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌ گەڕاندنەوەی هێزەکانی پشتیوانی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە ده‌كات

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکاری باڵای کاروباری ئۆفیسی هاوکاری ئەمنی له‌ کونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریکا، كۆبوونه‌وه‌.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دۆگڵاس، راوێژکاری باڵای کاروباری ئۆفیسی هاوکاری ئەمنی کونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس لە بڕیاری خانەنشینکردنی ژمارەیەک ئەفسەر بەپێی یاساکانی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، بەتایبەت بۆ نوێکردنەوەی توانا سەربازییەکان.

هەروەها راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ باسی له‌وه‌ كرد، گەڕاندنەوەی هێزەکانی پشتیوانی 2 بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەکارێکی ئەرێنی و باش پێناسەکرا، شاندی میوان هیوایان خواست ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت سەرجەم یەکە سەربازییەکان، کە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دان، لە چوارچێوەی وەزارەت رێکبخرێنەوە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ روونیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌مه‌ریكا تاوتوێی ستراتیژیەتی بەرگری وەزارەت كرا، کە لە ئێستادا بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکراوەتەوە ، بریکاری وەزارەت رایگەیاند: لە چاوەڕوانی پشتڕاست کردنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانین، بۆئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکەین.

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ شانده‌كه‌ی راگه‌یاند، ئێمە بۆ بەهێزکردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن ( قیادة- والسیطرة)، لەناو هێزی پێشمەرگەدا، خەریکی میکانیزمێکی نوێین.