وەزیری ناوخۆ داوایەك لە دادوەرانی هەرێمی کوردستان دەکات

وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد لە وۆرکشۆپی (گوێگرتن) تایبەت بە پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە  خێزان و ئافرەت لە هەرێمی کوردستان داوایەکی لە دادوەران کرد.  

لیژنەی داۆکۆکیردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان وۆرکشۆپێکی بۆ پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت لە هەرێمی کوردستان رێکخست و تێیدا پێشنیار کرا کە پرۆژە یاساکە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان ببێتە توندرتیژی دژی ئافرەت و خێزان.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، لەبارەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە وۆرکشۆپەکەدا گوتی: لەدەرئەنجامی جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە 8ـی 2011، هەستمان پێکردووە تا ئێستا وەک پێویست گرنگی بەو بابەتە نەدراوە و بۆشایی یاسایی لە خودی یاساکەدا هەیە، بە تایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە دابینکردنی مافی قوربانیان و پاراستنی تاک و خێزان.

لەبارەی تاوانبارانی توندوتیژی خێزانی، وەزیری ناوخۆ گوتی: من داوا لە هەموو دادوەرەکان دەکەم، ئەو تاوانبارانە پەیوەست نەکەن بە کەفیلەوە، هەم بۆ ئەوانەی تاوانی توندوتیژی هەم بۆ ئەوانەی بە چەک تاوانێک ئەنجام دەدەن.

داواکەی وەزیری ناوخۆ لەو سۆنگەیەوە بوو کە تاوانبارانی ئەو کەیسانە بە ئاسانی ئازاد نەکرێن تا کاتی تەواوبوونی دادگاییان، چونکە وزەیەکی زۆری مرۆیی و سەرچاوەی لۆجیستی زۆر لە دەستگیرکردنی تاوانبارەکاندا سەرف دەکرێت.

رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە وەک لە یاساکە ئاماژەی پێدراوە، پێویستە دادگای تایبەت بەو بابەتە هەبێت و ناکرێت بیانووی نەبوونی ژمارەی دادوەری پێویست، ببێتە هەنگاوێک بۆ جێبەجێنەکردنی ئەم یاسایە.

ھەواڵی زیاتر