٣٥ساڵ بەسەر کۆچی دوای ئیدریس بارزانیدا تێدەپەڕێت

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لە ٣١/١/١٩٨٧ سەرکردەی کورد ئیدریس بارزانی، لە گوندی سلیڤانا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد. ئیدریس بارزانی، لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناو دەبرێت، ھاوکات لە گۆڕەپانی سیاسی و لەناو بەرھەڵستکارانی عێراق بە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر ھەژمار دەکرا و لە کۆنگرەی بەرھەڵستکارانی عێراقی کە لە تاران ساز کرا، بانگەوازی بۆ یەکخستنی توانای بەرھەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس کرد.

ئیدریس بارزانی، لە مانگی ئازاری ١٩٤٤ـدا لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێکدا لە دایک بوو، وەک سەرچاوە مێژووییەکانی کوردستان ئاماژەیان پێکردووە، ھەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی کوردایەتی و سیمبولی نەتەوەیی و ڕووگەی تێکۆشەرانی کوردستان. لە تەمەنی چوار ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی لە سنووری بارزان دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی بەغدا، مووسڵ و بەسرا، لەگەڵ ئەوەی لەتەمەنی منداڵییەوە لە سۆز و خۆشەویستیی باوک بێبەش بوو، تا گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٨ـدا.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەی ئاشتی و دانووستان لە نێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ئیدریس بارزانی بەیاوەریی سەرۆک بارزانی، لە دەستەی شاندی دانوستانکاری شۆڕش بوون، لە بەغدا کەوتنە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین ماف و داخوازی شۆڕش، سەرەنجام بە سەرپەرشتیی بارزانیی نەمر مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق بە دەست ھات و ڕێککەوتنەکە چوار ساڵی پڕ لە خۆشی و بووژاندنەوەی لە عێراق ھێنایە دی و تا سەرەنجام دەسەڵاتدارانی بەعس لە بەغدا کەوتنەوە دژایەتیی کورد و سەرکردایەتییەکەی بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنی جەزائیریان لەگەڵ شای ئێران، محەممەد ڕەزا شای پەھلەوی واژوو کرد و شۆڕشی کوردیان تووشی نسکۆ کرد.

بە سادەیی ژیاوە
ئیدریس بارزانی، لەناو جەماوەر خۆشەویست بووە سادە و بە قەناعەت بووە، بە سادەیی ژیاوە، خاوەن قسە و بەڵێنەکانی بووە، لەگەل ھەر کەسێکدا بە زمانی خۆی و ئاستی تێگەیشتنی بەرامبەری قسە و ھەڵسوکەوتی کردووە، ھەر کە شۆڕش بەرپا بوو، بارزانیی نەمر سەرپەرشتیی شۆڕشی کرد، ئیدریس بارزانی ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە کە قوتابی بوو، دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە و لەگەڵ بارزانی باوک بەشداری لە شۆڕش کرد.

دۆست و دوژمنانی کورد بە کەسایەتیی ئیدریس بارزانی سەرسام بوون
ئەحمەد سلێمان، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ھەولێر دەڵێت: “ئیدریس بارزانی، لە تەمەنی ١٧ ساڵی دەبێتەیەکێک لە فەرماندە زیرەک و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان ھزری ئاشتی و یەکسانی و ئازادیخوازی و دیموکراسی بوو، لە بواری دیپلۆماسیدا زۆر سەرکەوتوو بوو. لەبواری کۆمەڵایەتی جێگەی خۆی لەناو دڵی ھەموو تاکێکی کورد کردبووەوە، کەسێکی سادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکان وەستاوە، خەمخۆری پێشمەرگە بوو، خاوەن ئیرادەیەکی بەھێز بوو، لێبوردە بوو، کەسێک بوو باوەڕی بە خۆیی و میللەتەکەی ھەبوو، ھیچ کاتێک ھەستی بە ماندووبوون نەدەکرد، دۆست و دوژمنانی کورد زۆر پێی سەرسام بوون، قوتابیەکی قوتابخانەی بارزانیی نەمر بوو، لە زۆربەی داستانەکان بەشداریی کردووە و سەرکەوتنی بە دەست ھێناوە، سەرکردایەتیی ھەر دوو داستانی ھەندرێن و زۆزکی کردووە.

توانیی چارەسەری کێشە و گرفتی ئاوارەکان بکات
حەسەن شەوکەت، پێشمەرگەیەکی دیکەیە، بە “ھەولێر”ـی گوت: “پاش ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، ئیدریس بارزانی لەگەڵ ئەوە بوو کە بەردەوامی بدەنە شۆڕش، بۆ ئەوەی دڵی دوژمن خۆش نەبێت، ھەر بۆیە زوو کەوتە ناو کادیر و سەرکردە و ئەو خەڵکەی کە ئاوارەی ئێران بووە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی پێکەوە ڕێکخستنەکانی پارتی نوێ کرانەوە، دواتر ھەر بەسەرکردایەتیی ئیدریس بارزانی و سەرۆک بارزانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز دەستی پێ کرد، وەکو درێژەدان بە خەباتی ڕزگاریخواز و ئارمانجی گەلی کوردستان و شۆڕشی ئەیلوولی نیشتمانی.
لە قۆناغی شۆڕشی گوڵاندا ئیدریس بارزانی یەکێک لەو سەرکردانە بوو کە ھێزێکی دیکەی بە شۆڕشدا و پەیوەندی بە کۆمەڵێک کادیر و سەرکردە و پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگەی ئاوارە و دەربەدەر لە ئێرانەوە کرد، توانیی کۆ بکاتەوە و ئامادە بکات و ڕەوانەی ئەو بارەگانە بکات کە پارتی ئامادەی کردبوون؛ ئەوەش ھێزێکی دیکەی دایەوە ھێزی پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەی خۆی لە ئاوارەکان کردە خاوەن و توانی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئەوان بکات”.

ئیدریس بارزانی ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی بوو
ئیدریس بارزانی، لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناودەبرێت و ھاوکات لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا و لەناو بەرھەڵستکارانی عێراقدا بە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر ھەژمار دەکرا و لە کۆنگرەی بەرھەڵستکارانی عێراقی کە لە تاران سازکرا، بانگەوازی بۆیەکخستنی توانای بەرھەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس خستەڕوو، لە ئاستی دیپلۆماسیدا ئەزموونێکی ناوازەی ھەبوو، بە تایبەتی لە بواری بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکخستنی گوتاری پارت و لایەنە بەرھەڵستکارەکانی عێراق، سەرکردەی بەرەکانی شەڕ بوو، سەرکردەیەک بوو بڕوای بە ئاشتی و پێکەوەژیان ھەبوو، لەبواری سەربازی شارەزایەکی زۆر باشی ھەبوو، حکوومەتی عێراقی ناچارکرد پاشەکشە بکات، لەگەڵ ئەوەی لە ھەر پارچەیەکی کوردستان ھەستی بەوە کردبایە ترووسکایەک ھەیە بۆ سەرھەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەکسەر دەستی ھاوکاری بۆ درێژ دەکرد، لەگەڵ ئەوەی توانی پەیوەندی لە نێوان پارتی و ھێزەکانی دیکە دروست بکات، لەسەر دەستی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە نێوان پارتی و یەکێتی ھاتە کایەوە و لە ئەنجامدا بەرەی کوردستانی دامەزرا. شۆڕشی کوردی بردە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازەوە، ئەگەرچی چەند مانگێک دوای کۆچی دوای جێبەجێ کرا، بەڵام ئەوە بەرھەمی بیری کوردانەی ئەو بوو، ھەروەھایەکێک لەو سەرکردانە بوو کە توانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دروست بکات و بەرەو پێشەوە ببات، لە قۆناغی داھاتووشدا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە درێژە پێ بدات، بۆیە ئەگەر بە زیرەک و لێھاتوویی ئیدریسی جوانەمەرگ و سەرۆک بارزانی نەبوایە.، بزووتنەوەی کوردی و شۆڕشی گەلی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو قۆناغە و لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕین نەدەکرا و کوردستان ئازاد نەدەبوو، ئەو دەستکەوتانەی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا خەباتیان بۆ دەکرا بە دەست ھاتوونە، ھەر بۆیە ھەبوونی ئەو لەو قۆناغانەدا ھاندەرێکی بەھێز بوو، کە ورەی پێشمەرگە بەرز بکاتەوە و خەڵکێک ھاند بدات ببێتە پێشمەرگە و بەرگری لە گەلی کوردستان بکات، بۆیە ئەمڕۆ زۆربەی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست ھاتوونە دەگەڕێنەوە بۆ خەباتی بارزانیی نەمر و ئیدرسی جوانەمەرگ”.

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد
سەعات ٦ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٣١/١/١٩٨٧ لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ماڵئاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت، دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری گەڕانەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریسی جوانەمەرگ دا. لە ڕۆژانی ٦ تا ٨/١٠/١٩٩٣ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا تەرمی ھەردووکیان، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا، گەیێندرانەوە گوندی بارزان و لە شوێنی لە دایکبوونیان ئەسپەردەی خاک کرانەوە. بە لەدەستدانیشی، جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان کەسایەتییەکی کاریگەر و سەرکردەیەکی دیار و بە ئەزموون و یەکێک لە سەرخەرانی پرۆژەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەژیان و یەکخستنی تواناکانی لە دەستدا”.

ھەواڵی زیاتر