مشتومڕى هەڵبژاردنى سەرکۆمار و ئایندەى نادیارى عێراق

ئەگەر هاتوو ڕێبەرى ڕەوتى سەدر سوور بێت لە سەر هەڵوێستەکانى بۆ پێکهێنانى حکوومەتى نیشتمانى و دوورخستنەوەى نوورى مالیکى لەو هاوپەیمانییە، گرووپە شیعەکانى نزیک لە ئێران هەڕەشەى بایکۆتکردنى پرۆسەى سیاسی و پەکخستنى هەڵبژاردنى سەرکۆمارى عێراق دەکەن.

ئەم گرووپە سیاسییانە کە لە دواهەمین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق تووشى گەورەترین دۆڕان بوون، ئێستا دەیانەوێت سەرەڕاى دۆڕاندنى زۆربەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران، بێبەش نەکرێن لە پۆستە باڵاکانى حکوومەتە نوێیەکە، بەڵام موقتەدا سەدر ڕێبەرى ڕەوتى سەدر، کە فراکسیۆنەکەى براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکانە، سوورە لەوەى حکوومەتێکی زۆرینەى نیشتیمانى وەک خۆى وەسفی دەکات پێک بهێنیت.
لەسەروبەندی دانیشتن و کۆبوونەوە هاوبەشەکانیشدا، بە فشارى ئێران و حزبوڵلای لوبنانى، سەدر ئامادە بووە پشک بە گرووپە نزیکەکانى تاران بدات، بەو مەرجەى نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانى پێشووتر و سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، لەو گرووپە دوور بخرێتەوە، بەڵام دووبارە هاوپەیمانى هەماهەنگی شیعەکان دژى ئەو هەڵوێستەى سەدر بوون و پێیان وایە “دوورخستنەوەو پەراوێزخستن”، ناچاریان دەکات بەرەو بژاردەى ئۆپۆزسیۆنی و بایکۆتکردنى پرۆسەى سیاسی بڕۆن.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوایین کۆبوونەوەى ناوخۆیی ئەو گرووپە، بۆ تاوتوێکردنى دوایین پێشهاتەکان، سووربوونى خۆیان لەبەشدارییکردنى هەموو پێکهاتەى نێو گرووپەکەی خۆیان نیشان داوە، چونکە لە نێویاندا ڕێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا ژمارەیەکى بەرچاو کورسی هێناوە و کۆلکەى سەرەکی ئەو هاوپەیمانیەشە.
لە چەند هەفتەى ڕابردوو، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى سوپاى قودس، بەنهێنى سەردانى بەغدای کرد و لەگەڵ سەرجەم لایەنە شیعەکان بە بێ سەدر کە ئامادە نەبوو لەگەڵیدا کۆ ببێتەوە، دانیشت و تاوتوێی پرۆسەى سیاسیی کرد، بەڵام ئەو فەرماندەییەى تاران بە بێ هیچ دەستکەوتێک گەڕایەوە وڵاتەکەى و دواى ئەویش “مەحەمەد کەوسەران”ـى بەرپرسى کەیسى عێراق لەنێو حزبوڵلای لوبنانی گەیشتە بەغدا و نەجەف و لەگەڵ سەدر و شیعەکان کۆ بووەوە، بەڵام ئەو پێشنیاری ئەوەى کرد کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى مامناوەند دەبێ دەست لە مالیکی هەڵبگرن بۆ ئەوەى بتوانن پشکیان لە حکومەتى نوێ دەست بکەوێت. بەڵام بە بێ مالیکی ئەو گرووپە شیعەیە هیچ هاوسەنگییەکى بەرچاویان بۆ نامێنێتەوە و ژمارەى کورسییەکانیان تا نیوە کەم دەبێتەوە، بەتایبەت لەوەى سەرۆکوەزیرانى پێشووتر تا ئێستاش خاوەن دەسەڵات و پارەى سیاسییە.
ئەوانەى لەو گرووپە ئەندامن بریتین لە “نوری مالیکی ڕێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح، حەیدەر عەبادی سەرۆکى فراکسیۆنى نەسر، عەممار حەکیم ڕێبەرى هاوپەیمانى هێزی دەوڵەت، فالح فەیاز سەرۆکى بزوتنەوەى عەتا، هەمام حەمودی سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامی و چەندین کەسایەتى دیکەى شیعە”.
لەبەرامبەریشدا سەدر هاوپەیمانى لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکى پەرلەمان و خەمیس خەنجەر ڕێبەرى سوننەکان و سەرۆک بارزانى بەستووە، بۆ ئەوەى حکوومەتى نوێی بەغدا پێک بهێنن. سەدر بە ڕوونى دووپاتی کردووەتەوە کە ئامادە نییە نوورى مالیکی لە هیچ پۆستێکى حکوومەتى داهاتوو بەشدار بێت و ئەو پێشنیارەشى دووربارە خستووەتەوە بەردەم هێزە شیعەکان، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە و لە وەڵامیشدا پێی گووتن ” ئارەزووی خۆتانە”.
ئێستا بەم وردەکارییانە، مەترسیی ئەوە هەیە لە قۆناغی داهاتوو ئەگەر بەم شێوەیەى ئێستا بەردەوام بێت، عێراق بەرەو ئایندەیەکى نادیار بڕوات و گرووپە شیعەکان بتوانن چەندین لایەنى سیاسیی بۆ نێو خۆیان ڕاکێشن، بەتایبەت لە پرسی هەڵبژاردنى سەرکۆمار کە پێویستى بەدەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەیە.
گرووپى هەماهەنگی شیعە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لە ئایندەدا ئەو پرۆسەیە یەکلایی دەکەنەوە و ئەوەى ئێستا چاودێریی دەکرێت، پۆستى سەرکۆمارى کوردەکانە و لەم میانەشدا پارتى دیموکراتى کوردستان کاندیدی خۆى هەیە، چونکە براوەى یەکەمى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک حزب کە زۆرترین کورسى بەدەست هێنابێت و بە پێى لێکدانەوەى چاودێرانیش مافى خۆیەتى کە دووبارە کورسى سەرکۆمارى نەبەخشێت لە پێناو ڕازیکردنى هاوپەیمانیەتییەک لە هەرێمى کوردستان کە هەرگیز هاوپەیمانى هەمیشەیی و ڕاستەقینە نەبوونە.
ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت لە کۆى ٣٢٩ پەرلەمانتار، ٧٥ پەرلەمانتاری گرووپی هەماهەنگی بایکۆتى دانیشتنەکانى هەڵبژاردنى سەرکۆمار بکەن، ئەگەر سەرکەوتوو بن لە ڕازیکردنى ٢٩ پەرلەمانتاری دیکە، لە نێو فراکسیۆن و لاینە سەربەخۆکان، ئەوا ئەنجوومەنى نوێنەران تواناى کۆکردنەوەى دوو لەسەر سێی نابێت بۆ هەڵبژاردنى سەرکۆمار و پڕۆسەکە شکست دەهێنێت و دوادەخرێت.

ھەواڵی زیاتر