ئەمڕۆ، ناوی پاڵێوراوانی سەركۆماری عێراق یەکلایی دەکرێنەوە

پۆستی سەركۆماری لە عێراق ئەوەندەی پۆستێکی سیمبولیک و تەشریفاتی بووە پۆستێک نەبووە ڕۆڵی زۆر کارای لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراقدا هەبێت، ئەوەی زیاتر پۆستەکە وەک یەکێک لە جومگەکانی دەسەڵاتی عێراق بەرجەستە دەکات لێهاتوویی و بەتوانابوونی ئەو کەسەیە لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت. پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پێگە و ڕۆڵ بۆ ئەو پۆستە بگەڕێنێتەوە کە لە دوای کۆچی مام جەلالەوە، لاواز بووە.

حەوتی مانگی شوبات ڕۆژێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە بۆ پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و ئەوەی لەم ڕۆژەدا زیاتر باڵی بەسەر پڕۆسەکەدا کێشاوە و ڕۆڵی باڵا و یەکلاکەرەوەی هەیە پاڵێوراوانی کوردستانن بۆ هەڵبژاردنی پۆستەکە کە ژمارەیان زۆرە و زەوەندە. هەرچەندە لە دەستووری عێراقدا بە دەق ئاماژە بەوە نەکراوە پۆستی سەركۆمار بۆ کوردە بەڵام بە شێوەیەکی عورفی هەر لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە ئەو پۆستە بۆ کورد بووە.
مام جەلال تاڵەبانی وەک یەکەم جار ئەو پۆستەی لە ساڵی ٢٠٠٥ وەرگرت دوای ئەوەی یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق ئەنجام درا و هەر یەک لە یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی لیستی کوردستانی بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی پارێزگاکانی کوردستانیان مسۆگەر کرد. یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیجیدا چووبوونە ناو هەڵبژاردن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا پۆست و پلەکانی پێوەندیدار بە کوردستانیان دابەش کرد.
جەلال تاڵەبانی تا ساڵی 2014 لەو پۆستەدا مایەوە و لەو ماوەیەدا ڕۆڵی گرنگ و کارای لە بەغدا گێڕا و دوای نەمانی مام جەلال، دوو خولی تر پۆستەکە لای یەکێتیی نیشتمانی بووە کە هەر یەک لە دكتۆر فواد مەعسوم و دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح پۆستەکەیان بەڕێوە بردووە.
وەک چۆن ئەم پۆستە لە ئاستی عێراقدا بە کورد دراوە، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان خەریکە ئەو پۆستە لەسەر ناوی خۆی تاپۆ دەکات لە کاتێکدا پۆستەکە مافێکە بە کورد دراوە و دەسنیشان نەکراوە بە کام لایەنی سیاسی دەدرێت، لە کوردستان زیاتر ئەوانە شایانی ئەوەن پۆستەکە وەربگرن کە زۆرترین ژمارەی کورسییەکانیان بەدەست هێناوە یان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و هاوپەیمانیەتیی کوردستان پۆستەکە بۆیان یەکلایی بۆتەوە و لایەنەکانی کوردستانیش پێی ڕازی بوون.
حەوتی شوبات ڕۆژی هەڵبژاردنی سەركۆمارێکی نوێیە بۆ عێراق و تا ئەم ساتە کورد کاندیدێکی یەکگرتووی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک کاندید خراونەتە ڕوو. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئەم ساتە سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەركۆماری لای ئەو حزبە بێت، داواکارییەک کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە داوایەکی نابەجێی هەژمار دەکات و پێی وایە بەبێ ڕەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان نابێت هیچ کەسێک بە نوێنەری کورد بۆ پۆستی سەركۆماری دابنرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا، ٣١ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە ئەمەش هێندەی کورسییەکانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تری کوردستانە، پۆستەکە هی کوردە و زیاتر لە هەر لایەنێیکی سیاسی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەسنیشانکردنی ئەو پۆستە دەبێ ڕۆڵی هەبێت.
ململانێی ئەو دوو پارتە بۆ پۆستی سەركۆماری بەردەوامە و هەر کامێک لای خۆیان کاندیدی جیاوازیان بۆ پۆستەکە پاڵاوتووە. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە بۆ پۆستی سەركۆماری کەسێکی بەهێزی کاندید کردووە کە دكتۆر هۆشیار زێبارییە.
دكتۆر هۆشیار زێباری کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە یەکێکە لە کاراکتەرە بە ئەزموون و سەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی و بۆ ماوەی دوو خول پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و خولێکیش پۆستی وەزارەتی درایی بەڕێوە بردووە. ئەو کەسێکی سیاسەتمەدار و بە ئەزموونە و پارتی بۆیە ئەوی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کردووە چونکە پێی وایە دەسەڵات و پێگەی پۆستی سەركۆماری هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت دەتوانێت پۆستەکە زیاتر لە بەرژەوەندی کورردا بەرجەستە بکات.
پێگەی پۆستی سەركۆماری بۆ نموونە لە سەردەمی جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ڕۆڵی هەمان پۆست لە سەردەمی دكتۆر بەرهەم ساڵحدا جیاوازییەکی زۆری هەیە و هۆکارەکەش بۆ توانای کەسەکان دەگەڕێتەوە و دەکرێ لە داهاتووشدا کەسێک لەسەر پۆستی کورسی سەركۆماری دابنیشێت کە لەسەر کورسییەکەوە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بپارێزێت وەک چۆن سوننەکان لە ڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمان و شیعەش لە ڕێی پۆستی سەرۆکوەزیران بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن.

پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناوی پاڵێوراوانی سەركۆماری بە فەرمی ڕابگەیەنرێت
رۆژی شەممە حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند كە كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ لێوردبوونەوە لە ناوی كاندیدانی پۆستی سەركۆماری ساز كرد و لە كارەكە پشتیان بە داتا و زانیارییەكانی سەر هەر كاندیدێك بەستووە.
نووسینگەی زاملی ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ دووشەم ٣١ی کانوونی دووەم ناوەکان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن و هەفتەی داهاتووش دەنگدانی فەرمی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە ساز دەکرێت. هەروەها گوتوویەتی پشت بە بە بڕیارەكانی دادگا دەبەستن نەوەك تۆمەتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ٢٦ کاندیدی سەركۆماری دۆسیەکانیان بە وردی تاوتوێ دەکرێن و ناوی ئەوانە ڕادەگەیەنرێت کە بۆیان هەیە خۆیان بۆ پۆستەکە بپاڵێون.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێت و بەمافی خۆی دەزانێت؛ بۆ ئەوەش شاندێکی لە بەغدا سەرقاڵی دانوستاندنە. پارتی لەگەڵ لایەنەکانی سوننە و سەدر کە زۆرینەی کورسییەکانی شیعەی بەدەستەوەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو چووەتە ناو هاوپەیمانیەتی و هاوپەیمانێتییەکەش دەنگ بە کەسێک دەدات سەرۆک بارزانی ڕەزامەندیی لەبارەوە هەبێت.

ھەواڵی زیاتر